ئاری ھەرسین: ئەمەریکا لە ھاوکاریکردنی ھێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت
بە بەردەوامی شرۆڤەکارانی جیهانی دەڵێن، هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا گرینگە و ئەگەر ئەمەریکا بیەوێت تیرۆر نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، ئەوا دەبێ پشتی پێشمەرگە بگرێت، لەگەڵ ئەوەی کە بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا دووپاتیان کردووەتەوە، ئەوان لە ناوچەکەدا کورد بە دۆستی خۆیان دەزانن، هەروەها جەختیش لەوە دەکەنەوە، کە هاوکاریی ئەمەریکا بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.
(ئاری ھەرسین)، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و ئەمەریکا و ھاوپەیمانان پشتگیریی ھەرێمی کوردستان دەکەن، بڕیارە دوو لیوای دیکەی ھێزی پێشمەرگە لە لایەن ئەمەریکاوە بە چەک و کەلوپەلی خۆیانەوە دابمەزرێنن، ئەمەش ھەنگاوێکی باشە بۆ ھەرێمی کوردستان، کە ئەمەریکا وەک زلھێزی جیھان پشتیوانمان بێت.''
لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا ئەمەریکا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانێتیی دژی داعشدا بەردەوام ھاوکاریی ماددی و لۆجستیی پێشکەش بە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کردووە، ئەگەر چی هێزی پێشمەرگەی کوردستان چاوی لەوە بووە کە قەبارەی هاوکارییەکان دەبووا گەورەتر بێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دۆستایەتییەکی پتەو لە نێوان هەولێر و واشنتندا هەیە، ئێستاش کە کورد دەیەوێت چارەنووسی خۆی لە ناوچەکەدا دیاری بکات، لێدوانی ئەمەریکا لەبارەی بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکان بۆ هەرێمی کوردستان ئومێدبەخشە.
(ئاری ھەرسین) دەڵێت: ''ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا و ناوچەکە گرینگە، چونکە ئەگەر ئێمە دوای ڕیفڕاندۆم، سەربەخۆیی ڕابگەیەنین، ئەوە ھەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و بە ھێزی کوردستان لە ناوچەکەدا زۆریش گرینگە بۆ ئەمەریکا و سەقامگیریی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. ھەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ستراتیژیی ھەیە و بۆ ھەموو جیھان و دراوسێکانیشی گرینگە.''
kdp-
