ژمارەیەك پارێزەر سكاڵایان لەسەر خاوەنی كۆمپانیای نالیا تۆمار كرد
چەند ڕۆژێكە خاوەنی كۆمپانیای نالیا، هەڵمەتێكی نەخێری بۆ سەربەخۆییی كوردستانی ڕاگەیاندووە، ئەمەش ناڕەزاییی چین و توێژەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستانی لێ كەوتووەتەوە.
پارێزەر (دانەر عەبدولغەففار)، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ''ئێمە، وەكو كۆمەڵە پارێزەرێكی خۆبەخش سكاڵامان لەسەر (شاسوار عەبدولواحید)، خاوەنی كۆمپانیای نالیا تۆمار كرد، داوامان لە داواكاری گشتی كرد، كە هەرچی پێویستە بە پێی یاسا ڕێكاری یاسایی لە بەرامبەر ئەو كەسەدا بگیرێتە بەر، داواكاری گشتی نووسراوەكە بەرز دەكاتەوە بۆ فەرمانگەی داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان و، ئەوان لە ڕێی خۆیانەوە سكاڵاكە دەجووڵێنن.''
ئەو پارێزەرە دیاری كرد: ''بە پێی ماددەی 156ی یاسای سزادانی عێراق، هەر كەسێك كارێك بكات دژی پیرۆزییەكانی هەرێمی كوردستان سزا دەدرێت، بەندكردن بۆ ماوەی 15 ساڵ، یان زیندانیكردنی ئەبەدی، مەبەستمان لە تۆماركردنی ئەو سكاڵایە، وەكو هەنگاوی یەكەم، بۆ ئەوەیە ڕێگرییەك بێت، تاكو لە داهاتوودا كەس بیر لەوە نەكاتەوە، دژی سەربەخۆییی كوردستان بوەستێتەوە و سووكایەتی بەو پرسە نیشتمانییە بكات.''
kdp-
