فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بنکەکانی پەکەکەی لە سنووری ئامێدی بۆردومان کرد
بە گوێرەی زانیاریی شارەزایانی ناوچەکە و بەرپرسانی ئیداری، پەکەکە زیانی گیانی و ماددی زۆری لە هەرێمی کوردستان داوە و سنووری ئامێدیش یەکێکە لەو ناوچانەی کوردستان، کە پەکەکەی لێیە و ناهێڵێت گوندنشینان بگەڕێنەوە و ناوچەکانیان ئاوەدان بکرێتەوە.
ئامارە فەرمییەکان نیشانی دەدەن، کە تەنیا لە سنووری قەزای ئامێدی ٢٠٠ گوندی ناوچەکە بە ھۆی کێشەی سنووری و ھەبوونی پەکەکەوە ئاوەدان نەکراونەتەوە و بەشێک لەگوندەکانیش تەنیا گوندەکانیان بۆ مەبەستی کشتوکاڵی بەکار دێنن و ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانیان.
(ئیسماعیل مستەفا)، قایمقامی ئامێدی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دەڤەری نێروە و ڕێکانی سەر بە قەزای ئامێدییان بۆردومان کرد، ئەویش بە ھۆی ھەبوونی بنکە و بارەگای چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە لە سنوورەکە و بۆردومانەکە زۆر خەست بووە و بنکەکانی پەکەکەیان کردە ئامانج، بەڵام ئەو ناوچەیە ئاوەدان نییە، مەگەر گوندنشینان بۆ چنینەوەی بەرھەمی خۆیان سەردانی بکەن، ئەویش ھێشتا ڕوون نییە، کە ھیچ ھاووڵاتییەکی ھەرێمی کوردستانی لێ بووە، یان نا.''
(ئیسماعیل مستەفا) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''بە ھۆی ھەبوونی پەکەکە، سنووری ئامێدی بەردەوام دەکرێتە ئامانجی فڕۆکە و تۆپخانەکانی تورکیا، ئەوەش زیانی بۆ ناوچەکە ھەیە و ھەتا ئێستا چەندین ھاووڵاتی، بە ھۆی بۆردومان و تۆپبارانی ناوچەکەوە بوونەتە قوربانی و ماڵوحاڵی خۆیان بەجێ ھێشتووە.''
قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دھۆکە و شەش ناحیە و چەند کۆمەڵگەیەک لەخۆ دەگرێت.
kdp-
