عەتا شێخ حەسەن: پارتی و گۆڕان دوو ھێزن بەیەکتری نامۆ نین

 عەتا شێخ حەسەن: پارتی و گۆڕان دوو ھێزن بەیەکتری نامۆ نین
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی – ھەڵەبجە، رای دەگەیەنێت کە پارتی و گۆڕان، لەسەر یەک زەمینەی واقیعی کوردستاندان و ئەم دوو ھێزە بەیەکتری نامۆ نین، چارەسەرکردنی کێشەکانیش ھێندە قووڵ نییە، قابیلی چارەسەر نەبێت.

عەتا شێخ حەسەن، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی – ھەڵەبجە، رایگەیاند: "پارتی ‌و گۆڕان لەسەر یەک زەمینەی واقیعی کوردستاندان، ئەم دوو ھێزە بەیەکتری نامۆ نین و چارەسەرکردنی کێشەکانیش ھێندە قووڵ نییە، تا قابیلی چارەسەر نەبێت، ئەم کێشانەی ناونراوە قەیرانی سیاسیی ھەرێمی کوردستان، لە رێگەی کۆبونەوە و گفتوگۆکردن چارەسەر دەکرێن، پارتی بۆ ئەم مەبەستە نەرمی زۆری لە ھەڵوێستی سیاسی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستا نواندووە".

گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی – ھەڵەبجە، ئەوەشی خستە ڕوو: "ھەرچەندە بزووتنەوەی گۆڕان دوو رۆژە ھەڵبژاردنی رێکخەری گشتی ‌و خانەی راپەڕاندنی کۆتایی پێھاتووە، ئەوەندەی ئاگاداربم، لەزاری گوتەبێژەکەیانەوە پێشتر داوای مۆڵەتیان کردبوو، کە دوای ئەو پرسە حزبییە ناوخۆیانەیان یەکلاکردەوە، بەفەرمی وەڵامی پارتی دەدەنەوە بۆ کۆبونەوە و گفتوگۆکردن".

ئاشکراشی: "پرسی ریفراندۆم ‌و سەربەخۆیی ھەموو ھێزە سیاسییەکان دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتییەکی گەورە و مێژوویی، لەسۆنگەی نیشتمانپەروەرییەوە، یەکەم کێشەکانی ناوخۆ تێپەڕێنن، دووەم ھەنگاو بۆ پرسی سەربەخۆی بنێین، چونکە کوردستان ئێستا لەبەردەم دوو ئەگەردایە، یان ئەوەتا رازی بین بە ژێر دەستی بەغدا بین و برا بچوک بین، یان دەبێت ناو ماڵی خۆمان رێک بخەینەوەو کۆدەنگی نیشتمانی دروست بکەین".










باسنیوز
Top