یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەسەرپەرشتی جێگری سکرتێری گشتی، کۆبونەوەی ئاسایی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 27/7/2017 کۆبوونەوەی ئاسایی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە سەرپەرشتیی کۆسرەت رەسول عەڵی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی بەڕێوەچوو.

لە دوای کۆبوونەوەکە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، تێدا ھاتووە: "یەکێتی پێی پەسەندە کە بەھەوڵی ھەموولایەک ‌و ئامادەکارییەکی سیاسی گونجاو، پەرلەمانی کوردستان تا (10/8/2017) ئاسایی بکرێتەوەو چیتر کات بە فیرۆ نەدرێت".

لەو راگەیەندراوەدا، یەکێتیی نیشتمانی، جەختی لەوەش کردووەتەوە: "یەکێتیی، بەباشی دەزانێت کۆبونەوەی ھەموو حزبە کوردستانییەکان، کە پێکەوە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆممان داوە، ئەنجام بدرێت، بۆ تاوتوێکردنی ھەوڵەکانی ریفراندۆم ‌و کاردانەوەکان، لەجیھان و ناوچەکە ‌و ناو کوردستان، بەرامبەر بە ریفراندۆم"

دەقی راگەیەندراوەکە:

یەکەم: وەفدێک پێکھێنرا بەسەرۆکایەتیی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی ‌و ئەندامیەتی عیماد ئەحمەد، رەفعەت عەبدولڵا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، عەدنانی حەمەی مینا، فەرید ئەسەسەرد و خالد شوانی، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر وەڵامەکەی پارتی بۆ نەخشە رێگاکەی یەکێتی.

دووەم: کۆبونەوە جەختی کردەوە، کە یەکێتی پێی پەسەندە کە بەھەوڵی ھەموولایەک ‌و ئامادەکارییەکی سیاسی گونجاو، پەرلەمانی کوردستان تا 10/8/2017 ئاسایی بکرێتەوەو چیتر کات بە فیرۆ نەدرێ.

سێیەم: جیابوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق، بەلای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە جێگای داخە، کۆبوونەوە ھیوای خواست ھەنگاوی چارەسەر بەسەر ھەنگاوی قوڵکردنەوەی ناکۆکیەکاندا زاڵ بکرێت، یەکێتی بۆ ھاوکاریکردنی چارەسەری کێشەکانیان ئامادەیە.

چوارەم: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەباشی دەزانێت کۆبونەوەی ھەموو حزبە کوردستانییەکان، کە پێکەوە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆممان داوە، ئەنجام بدرێت، بۆ تاوتوێکردنی ھەوڵەکانی ریفراندۆم ‌و کاردانەوەکان، لەجیھان و ناوچەکە‌و ناو کوردستان، بەرامبەر بە ریفراندۆم.

پێنجەم: شەمەی داھاتوو 29/7/2017 کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر کۆی ئەو بابەتانەو دوابڕیاردان لەسەریان دەکرێت.










باسنيوز
Top