خاوەن پشکەکانی چاڤیلاند: شاسوار عەبدولواحید نە پارەکەمان دەداتەوە و نە وەڵاممان دەداتەوە

 خاوەن پشکەکانی چاڤیلاند: شاسوار عەبدولواحید نە پارەکەمان دەداتەوە و نە وەڵاممان دەداتەوە
خاوەن پشکەکانی پڕۆژەی گەشتیاریی (چاڤیلاند) ئاشکرای دەکەن، هەرچەندە شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیای (نالیا) پارەی 10 ھەزار خاوەن پشکی پڕۆژەکەی لایە و قازانجەکانیان پێ نادات، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە ئامادە نییە گوێیان لێ بگرێت و ”بلۆکمان دەکات“.

شوانە محەمەد، یەکێکە لە کەسانەی لەساڵی ٢٠١٣ بڕی ٢٤ ملیۆن دیناری بە پشک داوە ڕایگەیاند: "لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا تەنھا ٦٠٠ ھەزار دینار قازانجم وەرگرتووە، بێگومان ئەمەش غەدرێکی گەورە لە خاوەن پشکەکان دەکرێت".

ئەو خاوەن پشکە، ئەوەشی خستە ڕوو: "ئۆتۆمبێلی خۆم و ئاڵتونی خێزانم فرۆشتووە، بە بڕی دوو دەفتەر دۆلار پشکم لەو پڕۆژەیە کڕیوە، سەرەتا وامان دەزانی قازانجێکی زۆر دەکەین، چونکە لە فۆڕمەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو، بەڵام دواتر فێڵیان لە ئێمەی خاوەن پشکەکەکان کرد، ئێستا ماوەی چوار ساڵە دوو دەفتەر دۆلارم داوە بە پشک، بەڵام تەنیا ٦٠٠ ھەزار قازانجم وەرگرتووە، لە کاتێکدا ئەو پڕۆژەیە ساڵانە قازانجێکی ئێجگار زۆر دەکات".

شوانە، باسی لەوەش کرد: "دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو وەک خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیمان ئەنجام دا، بەڵام مافمان بۆ نەگەڕایەوە، خودی خۆم چەند جارێک لە ئەکاونتی خۆمەوە نامەم بۆ پەیجەکەی شاسوار عەبدولواحید ناردووە، داوای ئەوەم کردووە کە کێشەی خاوەن پشکەکان چارەسەر بکات، بەڵام ئەو بۆ ئەوەی لەبەرچاو فرێندەکانی ئێحراج نەبێت، لە پەیجەکەی خۆیەوە بلۆکی کردم".

ئاشکراشی کرد، شاسوار عەبدولواحید، نەک ھەر ئەو، بەڵکو ئەکاونتی بەشێکی زۆری خاوەن پشکەکانی بلۆک کردووە، "لە کاتێکدا ئەو دادەنیشێ وەڵامی کۆمێنتی ھەموو فانەکانی دەداتەوە، بەڵام کۆمێنتی ئێمەی پێ ھەزم ناکرێت".

خاوەن پشکێکی دیکە کە نەیویست ناوەکەی بڵاو بکرێتەوە، ڕایگەیاند: "پارەی ١٠ ھەزار خاوەن پشک لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە دەستی بەسەردا گیراوە، ئەگەر دادگایەکی بێلایەن ھەبێت، پێویستە ئەو بازرگانە راپێچی دادگا بکات، چونکە لە دنیادا نەبووە بازرگانێک بەناوی قازانجەوە پارەی خەڵک بخوات و خۆڵ بکاتە چاوی خەڵکەوە".

ئەو خاوەن پشکە، ئاشکراشی کرد: "ماوەیەک بەرلە ئێستا کۆمێنتم بۆ پەیجەکەی شاسوار عەبدولواحید نووسی، لە کۆمێنتەکەدا نووسیم تکایە پارەی ئێمەی خاوەن پشکەکان بدەرەوە تاکەی تۆ دەستی دەستی بە ئێمە دەکەیت، بۆچی درۆ لەگەڵ ١٠ ھەزار خاوەن پشک دەکەیت، ئێمە سەرەتا واماندەزانی بازرگانێکی ڕاستگۆی، بەڵام وا دەرنەچوویت، بەڵام بەداخەوە دوای ئەو کۆمێنتە لە پەیجەکەی خۆی بلۆکی کردم".

ئەو خاوەن پشکە، گوتیشی: "ھیچ کات لە مافی خۆمان خۆش نابین، پێویستە شاسوار عەبدولواحید، پارەکەمان بداتەوە، ئەگەر ئەوەندەی دیکە بێمنەت بێت، ئەوا ناچار دەبین لە داگای حکوومەتی عێراق سکاڵای یاسایی تۆمار بکەین".

پێشتر جەمال حەمە رەشید، پارێزەری خاوەن پشکەکانی چاڤی ‌لاند، رایگەیاندبوو: "سکاڵای یاسایی دژی شاسوار عەبدولواحید تۆمار کراوە و چاوەڕێی وەڵامی دادگا دەکەین".

گوتیشی: "خاوەن پشەکان لە مافی خۆیان خۆش نابن، چونکە غەدریان لێ کراوە و پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھاوکاریی خاوەن پشکەکان بکات، بۆ ئەوەی مافەکانیان بۆ بگەڕێتەوە".





















باسنیوز
Top