مەسرور بارزانی: ئەنجامی ڕیفراندۆم بە گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا جێبەجێ دەکرێ

 مەسرور بارزانی: ئەنجامی ڕیفراندۆم بە گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا جێبەجێ دەکرێ
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، سەربەخۆیی کوردستان داهاتووێکی دڵنیاتر بۆ عێراق و ناوچەکە دابین دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەنجامی ڕیفراندۆم بە گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا جێبەجێ دەکرێت.

رۆژی پێنجشەممە 27/7/2017، مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وتارێکی لە ڕۆژنامەی (واشنتن تایمز) بڵاو کردووەتەوە و تێیدا رایدەگەیەنێت، کاتی ئەوە ھاتووە گەلی کوردستان سرووشتی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ عێراق دابڕێژێتەوە، بە مەبەستی “رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ھەڵەکانی رابردوو“.

مەسرور بارزانی ھەروەھا ئاماژەی بەوە کردووە، لە سەرەتای دروستبوونی عێراقەوە، نەتەوە جیاوازەکان ناچارکراون بۆ ئەوەی لەناو یەک سنووردا بژین، ئەگەرچی عەرەبی شیعە و سوننە بەردەوام کێشە و ناکۆکییان ھەبووە دەشڵێت: ”پێویستە دان بەوەدا بنێین، کە مۆدێلی پێکەوەژیان لە عێراقدا شکستی ھێناوە“.

راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان پێی وایە، ئەو سیستەمەی ئێستا لە عێراق پەیڕەو دەکرێ، ”لە بەرژەوەندیی کورددا نییە“، بۆیە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی داوە، ”سەرکردەکان ئەرکیان فەراھەمکردنی ئاسوودەییە بۆ خەڵک“.

مەسرور بارزانی ھەروەھا ڕایگەیاندووە کە دوای سەرکەوتنی دەنگی (بەڵێ) لە ریفراندۆمدا، بڕیاری گەلی کوردستان بە ھەماھەنگیکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراق جێبەجێ دەکرێ و لە ئەگەری مانەوەی کوردستانیش بەم حاڵەی ئێستاوە، ”شکست و مەترسییەکان بۆ نەوەی ئایندە دەگوازرێنەوە کە لە ڕاستیدا شایانی داھاتوویەکی باشترن“.

راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە وتارەکەیدا، ئاماژەی بەوەش داوە کە گەلی کوردستان ڕێگەیەکی دوور و درێژ و تاڵی لەپێناو گەیشتن بە مافی چارەی خۆنووسین بڕیوە کە ھەموو گەلێک شایستەی گەیشتنە بەم شکۆیە.

مەسرور بارزانی جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ئەگەر کوردستان دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوایە، ئەوا زۆر زووتر کۆتایی بە داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەھێنا، چونکە عێراق رێگریی لە گەیشتنی چەک و تەقەمەنی بە ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکات.

ئەو بەرپرسە باڵایەی کوردستان ھەروەھا رایگەیاندووە، کە لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ”گفتوگۆیەکی راستگۆیانە“ پرۆسەی سەربەخۆیی باشووری کوردستان دەست پێدەکەن. رزگارکردنەوەی شاری مووسڵ و ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیش بە ”ھەل و ھۆکار“ دەزانێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و رێککەوتن لەگەڵ عەبادی.

مەسرور بارزانی لە وتارەکەیدا، ھیوای خواستووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیریی ھەنگاوەکانی سەربەخۆیی کوردستان بکات و رایگەیاندووە، سەربەخۆیی کوردستان داھاتووێکی دڵنیاتر و سەقامگیرتر بۆ عێراق و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دابین دەکات.

راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان پێشی وایە، لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی کێشەکانی نێوان کوردساتان و عێراق، ”مەترسیی گەورە“ دێنە ئاراوە و داننان بە یەکتر لە چوارچێوەی دوو نەتەوەی جیاواز، ”ئاشتی“ لە ناوچەکە بەدی دێنێت.

مەسرور بارزانی دڵنیایی دەدات لەوەی دەوڵەتی کوردستان دەستکاریی سنووری وڵاتانی دراوسێ ناکات، بەڵکو تەنیا ئەو سنوورە بە فەرمی دەکات، کە ئیستا کوردستان لە عێراق جیا دەکاتەوە، لە کاتێکدا گەلی کوردستان قوربانییەکی زۆری لەپێناو ھێشتنەوەی عێراق بە یەکپارچەیی و سیاسەتی شکستخواردووی نێودەوڵەتی داوە.

راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بەشداریی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەکەن و مافی ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی تورکمان، مەسیحی، شەبەک، ئێزدی و ... وەک مافی کورد لە کوردستانی سەربەخۆدا، دەپارێزرێت و ”کوردستانیش وەک پەناگەیەک بۆ ئاوارە و پەنابەران دەمێنیتەوە“.

ئەو بەرپرسە باڵایەی کوردستان ھەروەھا رایگەیاندووە، کوردستان و عێراق دەتوانن وەک وەک دوو کیانی سەربەخۆ و پەیوەندیی ستراتیژی لە بوارەکانی وزە، بازرگانی و ئاسایش ببەستن و تا داھاتووێکی گەشتر بۆ ھەردوو لا مسۆگەر بکرێ.










باسنييوز
Top