جەنەڕالێکی ئەمریکی: 5 هۆکار هەن بۆ ئەوەی پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستان بکەین
ئێرنی ئۆدینۆ، جەنەڕالی خانەنشینکراوی ئەمریکی و ئەندامی سەنتەری توێژینەوەی سیاسی لەندەن، لە نوێترین وتاریدا لە ماڵپەڕی (The Washington Times) رایگەیاندووە، عێراقی دوای نەمانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ”بێ گومان عێراقێک نییە بتوانێ کێشەکانی بە گفتوگۆ چارەسەر بکات“، بەڵکو دوای شکست پێهێنانی گرووپە تیرۆریستەکانیش ”ھێستا ھێز باڵادەستیی لایەنەکان دیاری دەکات“.
ئۆدینۆ جەخت لەوە دەکاتەوە، ھێشتنەوەی عێراق خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئێران دەکات، کە ”خوازیارە کوردستانیش وەک عێراق بخاتە ژێر ھەژموونی خۆی“ و رایگەیاندووە، کوردستانێکی سەربەخۆ ”تاکە بژارەیە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکات و ڕێگە لە ئێران بگرێت“.
جەنەڕال ئێرنی ئۆدینۆ پێنج هۆکار دەست نیشان دەکات، تا وڵاتەکەی بەهۆیانەوە پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستان بکات:
یەکەم/
یەکێک لەو ھۆکارانەی بە بڕوای نووسەر، کاریگەریی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانە لە بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تووندڕەوەکان و بەتایبەتیش داعش.
دووەم/
ڕێکخستنەوەی باڵانسی ھێز لە کەنداو. ئۆدینۆ ئاماژە بە ھەوڵەکانی ئێران دەکات بۆ دروستکردنی ھیلالی شیعی لە ڕێگەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە. ئەو پێی وایە ئەمریکا بە چڕی کار لەسەر ئازادکردنەوەی ڕەققە دەکات لە کاتێکدا ئێران و حەشدی شەعبی ھەوڵ دەدەن دەست بەسەر ناوچە کوردییەکانی نزیک شنگالدا بگرن بۆ ئەوەی خۆیان بگەیەننە خاکی سوریا و دەریای ناوەڕاست. نووسەر جەخت لەوە دەکاتەوە. کە سەربەخۆیی کوردستان ئەم ھەوڵانەی ئێرانیش نەزۆک دەکات.
سێیەم/
پەرەپێدانی دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاش لەسەر ئەم خاڵە دەڕوات.
جەنەڕالە خانەنشینکراوە ئەمریکییەکە ئاماژە بە پێشڤەچوونەکانی کوردستان دەکات و دەڵێت، ”ئەگەرچی کەموکووڕی لە پرۆسەی دیموکراسیی کوردستاندا ھەیە، بەڵام ئەمریکاش بە ھەمان ئاراستەدا ڕۆیشتووە لە بونیادنانی دیموکراسییەکەیدا“.
چوارەم/
بابەتی وزە و نەوت.
ئۆدینۆ ھۆشداریی دەدات لەوەی ئێران پێشوەختە دەستی بەسەر دوو لەسەر سێی سەرمایەی نەوتی عێراقدا گرتووە و ”ھەوڵی کۆنتڕۆلکردنی نەوتی کوردستانیش دەدات“، کە دۆستێکی ئەمریکایە. ئەو پێی وایە پێویستە حکوومەتی ئەمریکا، ”کوردستان وەک دۆستێکی سەربەخۆ بپارێزێت“ بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیشی لە ناوچەکەدا پارێزراو بێت.
پێنجەم/
ڕیشەکێشکردنی ھزری تووندڕەوی لە ناوچەکە.
نووسەر پێی وایە شکست پێهێنانی تیرۆریستان لە ڕووی سەربازییەوە ئەگەر ئەرکی ئەمریکا بێت، ئەوا کۆتایی پێھێنانی ھزری تیرۆر و تووندڕەوەی ئەرکی خەڵکی ناوچەکەیە و بەتایبەتیش سوننەکان، کە کوردیش بەشێکن لە سوونە.
ئۆدینۆ دەڵێت: ”کورد لەم کارەدا دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ وەک دۆستێکی ئەمریکا لە ناوچەکە بگێڕێت، چونکە دوای چەندین دەیە لە ھێرشی گرووپە ڕادیکاڵە ئیسلامییەکان، ھێشتا ئاڵای ڕەشی ئەم گرووپانە نەیتوانیوە لەسەر خاکی کوردستان بچەقێنرێت و بمێنێتەوە“.
باسنیوز
