دیپلۆماتکارێکی ئیسرائیلی: بە فەرمی پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستان دەکەین
سەهیون ئافرودی، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ڤاتیکان لە لێدوانـیکدا بۆ رۆژنامەنووسان، رایگەیاندووە، پەرلەمان، حکوومەت، حزبەکان و گەلی ئیسرائیل پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن و دەوڵەتی سەربەخۆ بە مافی گەلی کوردستان دەزانن.
سەهیون ئافرودی هەروەها رایگەیاندووە، دەوڵەتی ئیسرائیل لە هەموو ئاستەکان تاوتوێی سەربەخۆیی کوردستانی کردووە و پشتگیریی ئەو وڵاتەش بۆ سەربەخۆیی کوردستان ”تەنیا بە قسە نابێ، ئەوە بڕیارێکی فەرمیی ئیسرائیلییە“.
ئەو دیپلۆماتکارە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان سەقامگیریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکات و هۆکارێکە بۆ ئارامیی لە ناوچەکە.
هەروەک لە کۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 7\6\2017 بڕیار درا، رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بەشداریی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بکەن.
باسنيووز
