ھێمن ھەورامی: پێویستە ئەنجامی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی جێبەجێ بکرێت

 ھێمن ھەورامی: پێویستە ئەنجامی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی جێبەجێ بکرێت
بەرپرسی کاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی نووسینگەی بارزانی، لە چاوپێکەوتنێکدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە پرۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، ھەنگاوێکی جدییە و سەرەڕای ھەڵوێستە نەیارەکان، پرسەکە بەردەوام دەبێت و لە کاتی دیاریکراودا ئەنجام دەدرێت.

لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ماڵپەڕی (ئارا نیوز)، هێمن ھەورامی، بەرپرسی کاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی نووسینگەی بارزانی ئاماژەی بە وتارێکی ئەم دواییەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کردووە و گوتوویەتی: ”ئەنجامی ڕیفراندۆم پێویستە جێبەجێ بکرێت و دەنگی خەڵک بەرپرسیاریەتی دەخاتە ئەستۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان“.

ئەم بەرپرسە کوردە دەڵێت: "ئەگەر بۆ سەربەخۆیی نەبێت، بۆچی ڕیفراندۆم ئەنجام دەدەین؟ ئێمە بڕوامان وایە ھاوبەشیمان لەگەڵ بەغدا سەرکەوتوو نەبووە و ئەم ڕیفراندۆمەش بۆ دانوستان نییە لەسەر فیدراڵیزم، چۆنکە فیدراڵیزم ھەر ئێستاش شکستی ھێناوە".

سەبارەت بە ھەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان، ھەورامی پێی وایە ئەو ڕۆڵە کاریگەرەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان گێڕاویەتی لە شەڕی دژ بە چەکدارانی داعش، توانیویەتی دۆستی گرنگ لە ئەمریکا و کۆنگرێسی ئەو وڵاتە بۆ کورد دروست بکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ”پێشمەرگە بەردەوام دەبێت لە شەڕی دژ بە تیرۆر و پاراستنی ئەو خەڵکانەی لە مەترسییەکانی شەڕ پەنا بۆ کوردستان دەھێنن".

لەبارەی کاردانەوەی وڵاتانی دراوسێ سەبارەت بەم پرسە، ئەو بەرپرسەی نووسینگەی بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییەکی 26 ساڵەی نێوان ھەولێر و ئەنقەرە کردووە و ڕای گەیاندووە: ”ئەم پەیوەندییە سوودی بە ھەردوو لایەن گەیاندووە“. بۆیە ئاشکرای کردووە کە ھەوڵ دەدەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دراوسێکان بەردەوام بێت، چونکە ”کوردستانێکی سەربەخۆ سوود بە ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە دەگەیەنێت".

ھێمن ھەورامی ھەروەھا دڵنیایی دەدات کە "سەربەخۆبوونی کوردستان تەنیا سنووری نێوان کوردستان و عێراق دەکێشێت و ئامانج لێی دەستکاریکردنی سنووری نێوان کوردستان و وڵاتانی دراوسێ نییە".

لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و کاردانەوە دژبەرەکانی رێفراندۆمی سەربەخۆیی، ھێمن ھەورامی گوتی: "ئەو لایەنانە تێڕوانینی جیاوازیان لەبارەی میکانیزم و کاتی ئەنجامدانی رێفراندۆم ھەیە،‌ بەڵام ھاوڕان لەسەر پرەنسیپەکان کە ڕێگەدانە بە گەل بۆ دیاریکردنی داھاتوویان. ھەورامی جەختیشی کردەوە کە پێویستە خەڵک بارمتەی سیاسەتی حزبەکان نەبێت و ئەم ھەلەیان پێ بدرێت ڕای خۆیان دەربڕن، ھەر بۆیەشە رێفراندۆم پێویستە ئەنجام بدرێت".

ئەم بەرپرسە ئاماژە بە دژایەتیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پرۆسەکە دەکات و دەڵێت: "ئەم ھەڵمەتەی گۆڕان دژایەتیکردنی پرۆسەکەیە لە سۆنگەی دژایەتیکردنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، نەوەک لە سۆنگەی نەتەوەییەوە“.‌ جەختیش دەکاتەوە کە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بە ھیچ شێوەیەک تەنیا پڕۆژەی پارتی دیموکراتی کوردستان نییە و زۆرینەی پارتە سیاسییەکان لە بڕیاردان لەسەر ئەم پرسە بەشدار بوون".













باسنيوز
Top