پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکێتی: باشترە شاسوار عەبدولواحید گرفتی خەڵک و کۆمپانیاکەی چارەسەر بکات

 پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکێتی: باشترە شاسوار عەبدولواحید گرفتی خەڵک و کۆمپانیاکەی چارەسەر بکات
پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و داوا لە ڕێکخەری هەڵمەتی پروپاگەندە لە دژی سەربەخۆیی کوردستان دەکات، کێشەی خەڵک و کۆمپانیاکەی چارەسەر بکات.



گوڵناز عەزیز قادر، پەرلەمانتاری پێشووتری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی هەڵمەتی پروپاگەندەی شاسوار عەبدولواحید لە دژی سەربەخۆیی کوردستان، ڕاگەیاند: "گرفت و ناکۆکییەکانی پارتە سیاسییەکان ڕەنگە بیانووێکی ھەبێت، بەڵام شاسوار عەبدولواحید با بچێت گرفتی کۆمپانیاکەی چارەسەر بکات دواتر ئەو قسانە بکات، بەداخەوە سلێمانی لە ئەنجامی ئەو دیموکراسییەتەی باس دەکرێت، خراپی بەسەر ھاتووە، خراپ تەعبیری بۆ دەکرێت، ئەگەرنا خەڵک ئازادە چی دەکات، بەڵام نەک وەک ئەو“.



جەختیشی لەوە کردەوە کە پرسی ڕیفراندۆم پەیوەست نییە بە تەنیا کەسێکەوە، بەڵکوو ”پرۆسەی ڕیفراندۆم وەک بەرگریکردن لە خاکی کوردستان وایە لە شەڕی داعشدا، دەبێ خۆمانی بۆ ئامادە بکەین، ئەمڕۆ نەبێت سبەی ھەر دەبێ بکرێت و کورد باشترین کاتی بۆ ھاتووە تا ڕیفراندۆم بکرێت".



بە بڕوای گوڵناز عەزیز، هەندێک کەس بۆ ئەوەی ناویان بچێتە ناو ناوان، هەندێک کاری لەم جۆرە دەکەن و گوتی: ”ڕۆژگارێک خەڵک لە بەردەرکی سەرا لەسێدارە دەدران و کەسانێکیش وەک جاش خۆیان با دەدا، ئێستاش ئەو نەخۆشییە پەیدا بووەتەوە و دەبێت حزبەکان ڕێگا بە کەسی وانەدەن، بیر لەشتی لەم جۆرە بکاتەوە“.



ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 25/7/2017، شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیای (نالیا)، لە کەناڵی کۆمپانیاکەیەوە، هەڵمەتێکی پروپاگەندەی لە دژی سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەیاند.





باسنیوز
Top