دۆناڵد ترەمپ: حزبوڵڵا گەورەترین هەڕەشەیە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

 دۆناڵد ترەمپ: حزبوڵڵا گەورەترین هەڕەشەیە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، کە میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پاڵپشتی دەکات، ”هەڕەشە“یە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.



لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەعد حەریریی سەرۆک وەزیرانی لوبنان، دۆناڵ ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، میلیشیای حزبوڵڵا بە پاڵپشتیی ئێران، کارەساتی مرۆیی لە سووریا دروست دەکات.



دۆناڵد ترەمپ هەروەها رایگەیاندووە، کە لە ماوەی 24 کاتژمێردا و ”دوای ئەوەی لەگەڵ راوێژکارە سەربازییە خاوەن ئەزموونەکانم کۆ دەبمەوە“، بڕیاری خۆی لەبارەی حزبوڵڵاوە دەدات، چونکە ئەو حزبە بووەتە مایەی “هەڕەشە“ بۆ لوبنان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.



لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی بە ناردنی چەک و میلیشیای سەربازی، هاوکاریی رژێمی سووریا دەکەن و شەڕی دژی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکەن.



شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 400 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.



باسنیوز
Top