کۆنگرێسمانێکی ئەمریکی بۆ گەلی کوردستان: ئێمە لەگەڵ ئێوەین

 کۆنگرێسمانێکی ئەمریکی بۆ گەلی کوردستان: ئێمە لەگەڵ ئێوەین
کۆنگرێسمانێکی پارتی کۆمارییەکانی ئەمریکا دڵنیایی دەداتە گەلی کوردستان و رایدەگەیەنێت، ”ئێمە لەگەڵ ئێوەین“.



ترێند فرانکس، کۆنگرێسمانی پارتەکەی دۆنالـد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە (کورداستان 24)ی راگەیاندووە، پشتگیریی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکات. ”لە قوڵایی“ دڵیشیەوە هیوا دەخوازێ دەوڵەتی ئاییندەی کوردستان ”ببێتە ئەو دەوڵەتەی هەموومان پشتگیریی دەکەین“.



ترێند فرانکس داوا لە گەل و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەکات سەربەخۆیانە کار بکەن و سەر بە وڵاتانی تورکیا و ئێران نەبن، ”تکا دەکەم تەنیا خۆتان بن و نەچنە پاڵ وڵاتانی تورکیا و ئێران“.



ئەو کۆنگرێسمانە دان بەوەدا دەنێت، کە ئیدارەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا وەک پێویست هاوکاریی کوردستانی نەکرد لە شەڕی دژی تیرۆر و پاراستنی کەمە نەتەوە و ئایینەکانی کوردستان، ”داوای لێبووردن دەکەم هەندێکجار خۆتان بە تەنیا شەڕی دژی تیرۆرتان دەکرد“.



ترێند فرانکس جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئیدارەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ جیاواز دەبێ بۆ گەلی کوردستان و رایگەیاندووە، ئێستا پەیوەندیی گەلی کوردستان و ئەمریکا ”لە هەر کاتێک زیاتر باشترە“.



کۆنگرێسمانە ئەمریکییەکە دڵنیایی دەداتە گەلی کوردستان و رایدەگەیەنێت، لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستاندا، ئەمریکا لەگەڵ کوردستانە، ”ئێمەش پاڵپشتتان دەبین و لەگەڵ ئێوەین، خودا بتانپارێزێ“.



لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.




باسنیووز
Top