حکوومەتی ھەرێم پارەی پڕۆژەکانی شنگال خەرج دەکات

حکوومەتی ھەرێم پارەی پڕۆژەکانی شنگال خەرج دەکات
ئەمڕۆ لە پارێزگای دھۆک پارە بەسەر ئەو کۆمپانیایانەدا دابەش دەکرێت کە پێشتر پڕۆژەیان لە دەڤەری شنگال جێبەجێکردووە، جێگری پارێزگاری دھۆکیش دەڵێ، دابەشکردنی پارە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بەردەوامدەبێت.

لە ساڵانی ڕابردوودا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری و گرنگی لە دەڤەری شنگال ئەنجامداوە و پڕۆژەکانیش بونەتە جێگەی بایەخی ھاوڵاتیانی ناوچەکە.

(عوسمان یونس) جێگری پارێزگاری دھۆک بۆ کاروباری تەکنیکی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٦٥٠ ھەزار دۆلاری ئەمریکی بۆ ٦٩ کۆمپانیای پارێزگای دھۆک خەرجکردووە، ئەوانەی ساڵانی ڕابردوو لەسەر پارەی پتڕۆ دۆلار پڕۆژەیان جێبەجێکردووە، ئەمڕۆش پارەکە بەسەریاندا دابەش دەکرێت، ھەر بەڵێندەرێکیش ٨%ی پارەکەی بۆ خەرج دەکرێت.

(یونس) گوتیشی، "خەرجکردن و دابەشکردنی پارەی بەڵێندەران لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەردەوامی دەبێت و ئەمە بۆجاری دووەمە پارە بەسەر ئەو کۆمپانیا و بەڵێندەرانەی پارێزگای دھۆک دابەشدەکرێت، کە پێشتر لەسەر بودجەی پتڕۆ دۆلار پڕۆژەیان لە دەڤەری شنگال ئەنجامداوە.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە بە قۆناغ پارەی بەڵێندەران خەرج بکات و لە سنووری پارێزگای دھۆک تا ئێستا شەش ملیۆن دۆلار بۆ بەڵێندەران خەرجکراوه‌ و بڕیاریشە بەردەوامی ھەبێت.

kdp-
Top