حزبەکانی کوردستان فەڕزی زۆرینەی سیاسی لە حوکمڕانیی عێراقدا ڕەت دەکەنەوە

حزبەکانی کوردستان فەڕزی زۆرینەی سیاسی لە حوکمڕانیی عێراقدا ڕەت دەکەنەوە
حزبەکانی کوردستان زۆرینەی سیاسی ڕەت دەکەنەوە و پێیان وایە ئەو پڕۆژەیە هەندێ لە سیاسییەکانی عێراق بۆ لەناوبردنی دەستووری عێراق هێناویانەتە ئاراوە.

عەرەفات کەرەم: زۆرینەی سیاسیی رەتدەکەینەوە

(نووری مالیكی) ئه‌و كاته‌ی له‌ مۆسكۆی پایته‌ختی ڕووسیا قسه‌ی بۆ فه‌رمانبه‌رانی باڵیۆزخانه‌ی عێراق له‌ مۆسكۆ كردووه‌، گوتویەتی: ''قۆناغی داهاتوو ئاماده‌كاریكردنه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا، بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تی هاووڵاتی و دامه‌زراندنی حكوومه‌تی زۆرینه‌ی سیاسی''، هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌ی توندی له‌و لایه‌نانه‌ گرتووه،‌ كه‌ دژی حكوومه‌تی زۆرینه‌ن و گوتوویه‌تی: ''ئه‌وانه‌ی دژن ده‌یانه‌وێت به‌رده‌وام بن له‌ ده‌ستوه‌ردانه‌ ناو ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی خۆیانی به‌سه‌ردا بسه‌پێنن.''

هەرێمی کوردستان لەمێژە نیشانی جیهانی داوە کە هەندێ لایەنی سیاسی عێراق دەیانەوێ دەستووری عێراق جێبەجێ نەکرێ، قسەکانی مالیکی-یش بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە دەستوور لە عێراقدا جێبەجێ ناکرێ، چونکە دەیەوێ فەرزی زۆرینەی سیاسیی لە عێراقدا بچەسپێنێ.

حزبەکانی کوردستان زۆرینەی سیاسی ڕەت دەکەنەوە، پێیان وایە دەبێ زۆرینەی سیاسی فەڕز نەکرێت بەسەر عێراقدا، چونکە پێکهاتەی کورد و سوننەش لەناو دەبات، (عەرەفات کەرەم)، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''زۆرینەی سیاسی بە هەموو شێوەیەک ڕەت دەکەنەوە و ئامانج لەو زۆرینەیە بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی بەشێک لە هێزە سیاسییەکان و بردنی حوکمی عێراقە بەرەو تاکڕەوی و پێمان وایە، ئەمە بۆ لێدانە لە پێگەی کوردستان و سوننەش لە عێراقدا، عێراقی ئێستا بۆیە وای لێهات، چونکە دەستەیەک دەیانەوێت تەوافوقی پێکهاتەکان هەڵوەشێننەوە و خۆیان ببنە بڕیاردەری عێراق.''

(کەرەم) گوتیشی: ''زۆرینەی سیاسی لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ڕەت دەکرێتەوە و ڕێگا نادرێت ئەم سیستەمە حوکمی عێراق بکات.''

رێزان شێخ دلێر: ئەم عێراقە بە زۆینەی سیاسی ناچێت بەڕێوە
هاوکات (رێزان شێخ دلێر)، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە عێراقدا تەوافوقی سیاسی گرینگە، بەڵام ئەم تەوافوقەی ئێستا ڕاستەقینە نییە، ئێمە حکوومەتی تەوافوقیمان ھەبووە، بەڵام بە داخێکی زۆرەوە زۆربەی حزبەکان لە پەرلەمان و دەرەوەی حکوومەت وەک ئۆپۆزیسیۆن مامەڵە دەکەن، ئەمەش بۆ پڕۆسەی سیاسی گرفتە، خۆ ئەگەر جارێکی دیکە ویستیان بە تەوافوقی سیاسی ئەم عێراقە دروست بکەنەوە، دەبێت لەسەر بنەمای ھاوبەشی بێت، چونکە ئەم عێراقە بە زۆینەی سیاسی ناچێت بەڕێوە.''

ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستەڕوو: ''ئەگەر عەرەبە شیعەکان بیانەوێت بە زۆرینەی سیاسی خۆیان فەڕز بکەن، ئەدی چی لە کورد و سوننە بکەن؟ خۆ ئەگەر کوردیش ببێت بە دەوڵەت، دەبێ عێراق وەک دراوسێیەکی باش بمێنێتەوە.''

(رێزان شێخ دلێر) ئاشکراشی کرد: ''بۆیە حکوومەتی زۆرینە سەرکەوتوو نابێت، چونکە زۆرینەی سیاسی ئەوانەن کە کۆنتڕۆڵی حکوومەت و ئیدارە دەکەن، بەڵام ئەمە بەرەو دیکتاتۆری دەڕوات، بۆیە (نووری مالیکی) دەیەوێت بەتاکڕەوانە کار بکات، دەبێ واز لەو تاکڕەوییە بھێنێت.''

سەعد خالد: دەستەیەک دەیانەوێت بەتاکڕەوی حوکمی زۆرینەی سیاسی بکەن

هاوکات (سەعد خالد)، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی حزبی زەحمەتکێشای کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''زۆرینەی سیاسی، واتە ڕیشەکێشکردنی دەستووری عێراق و ئێمە بە هەموو شێوەیەک زۆرینەی سیاسی ڕەت دەکەینەوە و پێیمان وایە گەڕانەوەیە بۆ حوکمی ڕابردووی عێراق، کە خەڵکی کوردستانیان ئەنفال و کیمیاباران کرد، لە کاتێکدا لە دروستکردنی عێراقدا بڕیا وا نەبوو کە عێراق سیستەمی زۆرینە بێت، بڕیار وا بوو تەوافوقی بێت، ئێستاش کە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ زۆرینەی سیاسی، واتە لەناوبردنی پێکهاتەی کورد و سوننەیە.''

(سەعد خالد) گوتیشی: ''بەم حاڵەوە عێراق گەیشتە ئەوەی ئێستا، بۆیە دۆخەکە بەو شێوەیە تێک چووە و دەستەیەک دەیانەوێت بەتاکڕەوی حوکمی زۆرینەی سیاسی بکەن.''


جەمال کۆچەر: فەرزی زۆرینەی سیاسیی مەترسیدارە

هەرلەم بارەوە، (جەمال کۆچەر)، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەگەر بەم شێوەی ئێستا زۆرینەی سیاسی حوکم بکات و بەسەرماندا فەڕزی بکەن، زۆر مەترسیدارە، ئەو کاتە کورد و سوننە فەرامۆش دەکرێن و دیکتاتۆرییەت زاڵ دەبێت.''

(جەمال کۆچەر) ئەوەشی خستەڕوو: ''یەکگرتوو لەگەڵ داواکاریی هەرێمی کوردستان و ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، لە کوردستان چ بریارێک بدرێت لە بەغداش پێمان باشە ئەوە بێت و یەکدەست و یەکڕیز بین.''

kdp-
Top