پنتاگۆن بەڵێن دەدات هاوكارییەکانی بۆ پێشمەرگە بەردەوام بێ

 پنتاگۆن بەڵێن دەدات هاوكارییەکانی بۆ پێشمەرگە بەردەوام بێ
عەمید هەڵگورد حیكمەت، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە، كە لە سەرەتای مانگی تەمووزی 2017 بۆ كۆنفرانفرانسێكی هاوپەیمانیی نێودییوڵەتی دژی داعش بە نوێنەرایەتیی وەزارەتی پێشمەرگە بەشداریی كردبوو، هاوكات چەند كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ پنتاگۆن ئەنجام داوە، چەند لایەنێكی گرنگ لەو كۆنفرانسە و هەڵوێستی هاوپەیمانان و ئەمەریكا بە تایبەت بۆ (باس) ئاشكرا دەكات.



ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە دا، كە ئەوان روونكردنەوەی خۆیان داوە بە راوێژكاری وەزیری بەرگریی ئەمەریكا، سەبارەت بە بەردەوامی و پابەندبوونی پێشمەرگە بە شەڕی چەكدارانی داعش، گوتی: ”پێمان راگەیاندوون كە ئێمە پابەندی شەڕی داعش دەبین و لەژێر هەر بارودۆخێكی سیاسیشدا وەكوو هێزێكی كارا لە هاوپەیمانیی شەڕی داعش دەمێنینەوە، پێشمان گوتوون كە پرسی ریفراندۆم پرسێكی دیموكراسییە و مافی رەوای گەلی كوردستانە و پرسێكی دەستوورییشە“.



عەمید هەڵگورد روونیشی كردەوە، ئەمەریكا و هێزی هاوپەیمانان زۆر جەخت لەسەر مانەوەی پێشمەرگە لە سەنگەری شەڕی داعش دەكەنەوە، گوتیشی: ”هەڵوێستی هاوپەیمانان بەرامبەر پێشمەرگە زۆر پۆزەتیفە، ئەوان دووپاتیان كردەوە، بەردەوام دەبن لە هاوكاریكردن و مەشق پێكردنی پێشمەرگە“.



هەڵگورد حیكمەت راشی گەیاند: ”رێكکەوتنی سەربازیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا بەردەوامە، هاوكارییەكانی هاوپەیمانانیش لە پێدانی چەك و مەشق پێكردنی پێشمەرگە بەردەوامە و هیچ ساردبوونەوەیەك نییە“.



شاندی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، لە چوارچێوەی سەردانیاندا بۆ وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا (پنتاگۆن)، لەگەڵ راوێژكاری وەزیری به‌رگریدا كۆ بوونه‌تەوە، سەبارەت بەو کۆبوونەوەیە گوتی: ”دوو داواكاریمان ئاڕاستە كردوون، یەكێكیان ئەوە بوو كە لەدوای شەڕی داعش، ھاوكاریی ئەمەریكا بۆ ھێزی پێشمەرگە بەردەوام بێت، ھاوكات كاری ئەو لیژنە ھاوبەشەی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ئەمەریكا بۆ رێكخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و ھێزی پێشمەرگە بەردەوام بێت، وەڵامی ئەویش بۆ داواكارییەكان ئەرێنی بووه‌“.



ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە راشی گەیاند، هێزەكانی هاوپەیمانان لەو پڕۆسەیەی چاكسازیدا بەشدارن، كە لە لایەن حكوومەت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاری لێ دراوە، گوتیشی: ”بۆ پڕۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا باسمان لێ كرد و داوامان لێ كرد، ئەوان وەكوو پنتاگۆن پێشتگرییەكی جدی لەو پڕۆژەیە بكەن، كە پڕۆژەیەكی هاوبەشی نێوان هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگەیە، لە پنتاگۆن پێیان راگەیاندین كە ئەوان پشتگیریی ئەو پڕۆژەیە دەكەن و ئەوەی ئێمە پێمان داون دەدرێتە وەزیری بەرگری بۆ بڕیار لێدانی“.



حیكمەت دووپاتی كردەوە، كە ئەوان داوای نوێكردنەوەی ئەو رێكکەوتنە سەربازییەیان كردووە كە لەنێوان پێشمەرگە و پنتاگۆندا هەیە: "داوامان كردووە رێكکەوتنەكە نوێ بكرێتەوە و لە رووی داراییشەوە هاوكارییەكانی پێشمەرگە بەردەوام بن، هاوكات بەشداری بكرێت لە پڕۆژەی چاكسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، داواشمان لێ كردن كۆمەڵێك كۆمپانیای سینەمایی بێنە ناوچەكانی دوای شەڕ بۆ دیكۆمێنتكردنی رووداوەكان“.



ئەو كە لەگەڵ (جۆزیف پینینگتۆن)، بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆ بووەتەوە، باس لە گفتوگۆیەكی نێوانیان دەكا و دەڵێ: ”پێم گوت لە سیاسەتەكانتان چاوتان لە كوردستان بێت، چونكە ئێمە لە خزمەتی سەقامگیریی ناوچەكە و مرۆڤایەتیداین و خۆێنی زۆرمان بەخشیوە، ئەویش لە وەڵامدا گوتی: (كوردستان لە دڵمەوە نزیكە)، منیش پێم گوت دوعای تەندروستی بۆ دڵت دەكەین“.



بەڕێوەبەرە گشتییەكەی وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتی كردەوە، پێشمەرگە هاوپەیمانی 72 وڵاتی شەڕی داعشە، گوتیشی: ”لەو 72 وڵاتە هەموویان چەك و هاوكارییان پێ نەداوین، بەڵكوو ئەوانەی كە زۆر هاوكاریمان دەكەن بریتین لە ئەمەریكا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ئێتاڵیا، كەنەدا و هۆڵەندا، بە گشتی دەتوانین بڵێین 7 وڵات بە بەردەوامی هاوكاریی پێشمەرگەیان كردووە و پلانیان لەگەڵ پێشمەرگەدایە“.



هەڵگورد حیكمەت، سەبارەت بە چارەسەریی بریندارانی شەڕی داعش گوتی: ”هەندێك بریندارمان ماون، بڕیارە بۆ چارەسەری بنێردرێنە دەرەوەی وڵات، ئەو نەخۆشخانە سەربازییە ئەڵمانییەی كە بۆ پێشمەرگە دروست دەكرێت، بڕیاری بۆ دەرچووە، تەنیا ماوە بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە“.

پەیوەست بە لێدوانی بەرپرسێكی لیستەكەی دەوڵەتی یاسا بۆ وەرگرتنەوەی چەكە قورسەكانی پێشمەرگە، ئەو رەتی كردەوە كە هیچ جۆرە چەكێك بدرێتەوە حكوومەتی عێراق، چونكە ئەو چەكانە مافی پێشمەرگەیە.



ئەو راوێژكارەی كه‌ شانده‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵیدا كۆ بوونه‌ته‌وه‌، نزیكی و كاریگه‌ریی به‌سه‌ر وەزیری بەرگریی ئەمەریكایەوه‌ هه‌یه‌، بەپێی قسەكانی هەڵگورد حیكمەت، گوتوویه‌تی: "ئه‌مه‌ریكا به‌ باشی ده‌زانێ لە ھاوكارییەكانی و هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ بەردەوام بێ“.



ھەڵگورد حیكمەت ده‌ڵێ: ''لەو كۆبوونەوانەدا ئێمە جەختمان لەوە كردەوە كە پێشمەرگە پێویستی بە ھاوكاریكردنە لە ڕووی چەك و ئابووری و پێداویستییەكانی دیكەوە، ئەوانیش رایان لەو بارەیەوە زۆر ئەرێنی بوو".



راشی گەیاند، كه‌ لەبارەی ریفراندۆمیشەوە قسه‌ و باسیان بووه‌ و ڕوونكردنه‌وه‌یان داوه‌، كه‌ وه‌ك چۆن گەلی كوردستان مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، ئاوایش ھێزی پێشمەرگە كه‌ ئێستا پارێزەری كوردستانە، لەداھاتوویشدا دەبێتە پارێزەری دەوڵەتی كوردستان و گوتیشی: ''ئێمه‌ لە رابردوویشدا ھەوڵمان داوە نەبینە بەشێك لە كێشە سیاسییەكان و بێ لایەن بووین، ئه‌مه‌ریكاییه‌كان ئەمەیان پێ باش بوو، كە لەوەدا دڵنیاییان پێ بدرێت، چونكە رەنگە نەیارەكانی ئێمە بە شێوازێكی دیكە ئەوەیان بۆ باس كردبن، كە ڕەنگە لێكترازان دروست بێت و ھێزی پێشمەرگە لە سەنگەرەكان دوور بكەوێتەوە".



ئەو گه‌شبینه‌ له‌ به‌رده‌وامیی هاوكاری و پشتیوانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ده‌ڵێ: "ئێمە لەوە دڵنیاین ئەمەریكا و ھاوپەیمانان بەبێ پێشمەرگە ناتوانن لە ناوچەكەدا ھیچ بكەن، چونكە ھێزی پێشمەرگە لە ناوچەكەدا زۆر كاریگەرە و ئەمەش لای ئەوان زۆر ڕوونە، ھەر بۆیەیش حیسابێكی جدیی بۆ پێشمەرگە دەكەن".







باسنیوز
Top