شاسوار عەبدولواحید کۆمپانیایەک بۆ دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستان بەکرێ دەگرێت

 شاسوار عەبدولواحید کۆمپانیایەک بۆ دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستان بەکرێ دەگرێت
بەڕێوەبەری کۆمپانیای نالیا کۆمپانیایەک بۆ دژایەتیکردنی سەربەخۆیی کوردستان بەکرێ دەگرێت.



بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی (ئیراک بیزنس نیوز)، شاسوار عەبدولواحید، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نالیا هەوڵی چاوپێکەوتن لەگەل بەرپرسانی ئەمریکا و دروستکردنی کەمپین لەو وڵاتە، بۆ دژایەتیکردنی سەربەخۆیی کوردستان، دەدات.



هەروەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، شاسوار عەبدولواحید بۆ ئەم مەبەستە کۆمپانیای مێرکۆری (Mercury) بەکرێ گرتووە، تاوەکو دیدار و چاوپێکەوتنەکانی لە ئەمریکا بۆ رێک بخات و کەمپینێک دژی سەربەخۆیی کوردستان بکاتەوە.



بەڕێوەبەری کۆمپانیای نالیا لەرێی ئەیال فرانک، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای مێرکۆری ئەو هەوڵە دەدات، کە ئەیال فرانک ئامۆزای شێری کراهامی هاوسەری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و ئەگەری ئەوەش هەیە لەرێی قوباد تاڵەبانییەوە فرانکی ناسیبێت.



لە سەرەتای راگەیاندنی رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانەوە، شاسوار عەبدولواحید و کەناڵەکەی بە چەندین شێوە دژایەتیی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەکەن و لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگیشدا، دوو جار سەردانی ئەمریکای کردووە لە سیمینار و دیدارەکانی هێرشی توندی کردووەتە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان.



شاسوار عەبدولواحید، کە هەروەک خاوەن پشکەکانی پارکی چاڤی لاند (کۆمپانیای نالیا زۆرینەی پشکەکانی هەیە) دەڵێن، چەند ساڵێکە پارەی ئەوانی نەداوە و مافەکانی خواردوون، بە نیازە لیستێک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دروست بکات و ئاماژەی بەوە کردووە، کە نیازی هەیە ببێتە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.



باسنیوز
Top