سەرۆکی پارتێکی تورکمانی: بە ئەمریکامان ڕاگەیاند کە تورکمانەکان پاڵپشتی ڕیفراندۆم دەکەن

سەرۆکی پارتێکی تورکمانی: بە ئەمریکامان ڕاگەیاند کە تورکمانەکان پاڵپشتی ڕیفراندۆم دەکەن


سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی، ئاماژە بەوە دەدات کە لەکۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی کونسوڵخانەی ئەمریکا، پێمان ڕاگەیاندن کە تورکمانەکانی ھەرێمی کوردستان، پاڵپشتی لە پرسی ڕیفراندۆم دەکەن.



محەمەد سەعدەدین، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی، ڕاگەیاند: "لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە لە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان بانگھێشت کراین، بۆ ئەوەی بزانن ڕای ئێمە وەک پێکھاتەی تورکمانی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم چییە، ئێمەش پێمان ڕاگەیاندن کە تورکمانەکانی ھەرێمی کوردستان پاڵپشتی لە پرسی ڕیفراندۆم دەکەن".



سەرۆکی ئەو پارتە تورکمانییە، ئەوەشی خستەڕوو: "باسی ئەو کێشانەمان کرد کە لە عێراقدا ڕووبەڕووی تورکمانەکان دەبێتەوە، ھەروەھا باسی ھەرێمی کوردستانمان کرد کە مافی پێکھاتەکەمانی بەراورد بە عێراق داوە، ھەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە مافی بە نەتەوەکانی دیکە داوە کە لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیدا بەشداری بکەن، لەگەڵ ئەو لایەنانە دابنیشن کە بە ملیۆن دەنگیان ھێناوە، ئەوەش بۆ پێکھاتەکانی دیکە زۆرە و جۆرێکە لە پاڵپشتی بۆیان، لە کاتێکدا لە عێراق ڕێگە بە تورکمانەکان نادرێت کە لە ھیچ کۆبوونەوەیەکی حەیدەر عەبادی و مالیکیدا بەشداری بکەن، بۆیە ئێمە پاڵپشتی لە پرسی ڕیفرانۆدمی سەربەخۆیی دەکەین".



سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی، جەختیشی لەوە کردەوە: "ئێستە پرسیار لە ھەر ھاوڵاتییەکی زۆر ئاسایی تورکمان بکرێت، کە ھیچ زانیارییەکی لەسەر سیاسەت و دەوڵەت نەبیت، پێی بڵێن دەتەوێت لەگەڵ کورد و دەوڵەتی کوردی بژیت، یان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق کە زۆرینەی شیعەیە، لە وەڵامدا کورد ھەڵدەبژێرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا ھاوپەیمانی کوردەکانە و لە ھەموو ڕوویەکەوە پاڵپشتی ھەرێمی کوردستان دەکات، بەتایبەتی لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە، دەیەوێت لەم ناوچەیەدا سەقامگیری ھەبێت و پێکھاتەکان بە مافی خۆیان بگەن، کاتێکیش پێکھاتە و ئایینییەکان پاڵپشتی لە پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بکەن، ئەمریکاش دڵنیا بوو لەوەی ئەو ھاوپەیمانیەتییەی لە کوردستان ھەیە دەبیتە وڵاتێکی دیموکراسی مەدەنی و دەتوانێت مافی ھەمووان بدات، ئەوا پاڵپشتی و پشتگیری لێ دەکات".
bas news-
Top