ئەشواق جاف: عێراق بۆ ھەڵبژاردنی کەرکووک دەیەوێت دەستوور پێشێل بکات

ئەشواق جاف: عێراق بۆ ھەڵبژاردنی کەرکووک دەیەوێت دەستوور پێشێل بکات
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە پێویستە کورد ھەمووی یەک دەنگ بێت، چونکە عێراق دەیەوێـت لە بابەتی ھەڵبژاردنی کەرکووک دەستووری پێشێل بکات.



ئەشواق جاف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی پارتی ڕاگەیاند: "دەبێت ئەوە لای ھەمووان ڕوون ببێتەوە کە متمانە لە نێوان ھێزە سیاسییە عێراقیەکاندا نەماوە، پێویستە زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بکەین، دەبێت کورد ھەمووی یەک دەنگ بێت بۆ ئەوەی مادەی 37 بەشێوەیەک دابڕێژرێت، مافی دەنگدانی ھاووڵاتییانی کەرکووکی تێدا بپارێزرێت".



ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستەڕوو: "عێراق دەیەوێت مافێک بەدەست بھێنێت، کە ھی خۆی نییە، بەوەش دەیەوێت یاسایەکی تایبەت بەو مافەی پێ بدرێت بۆ ئەوەی کاریگەرییان لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ھەبێت و کۆنترۆڵی بکەن، چونکە ئێستە ھیچیان پێ ناکرێت، لەبەر ئەوەی زۆرینەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە کورد پێکھاتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئێمەی کورد زۆر وریا بین، تا لە کەرکووکیش ھاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق ھەڵبژاردن بکرێت، ھەڵبژاردنیش مافێکی دەستووریە کە ئەوان دەیانەوێت پێشێلی بکەن".



ئەشواق جاف، گوتیشی: "پێویستە دیراسەتێکی ورد لەگەڵ بۆردی یاسایی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، بۆردی یاسایی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگاری کەرکووک بکرێت، دواتر مادەی 37 پەسەند بکرێت".



ئەمڕۆ دووشەممە 24/7/2017 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە، ھەروەھا گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێک کرا یەکێک لە تەوەرەکان تایبەت بوو بە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان.


bas news-
Top