له كۆبوونهوهکەى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ڕیفراندۆمدا، لیژنه‌كان دیارى ده‌كرێن
ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم رۆژی 8ـی تەمموزی 2017 بە سەرپەرشتیی (مەسعوود بارزانی) سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا و، رۆژى سێشه‌ممه 11ـی ته‌مموزى 2017، شاندێکی باڵای ئەنجوومەنەکە بە سەرۆکایەتیی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان گەیشتە برۆکسلی پایتەختی بەلژیکا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی بەلژیکا، هەرێمی فلاندەرز و پەرلەمانی ئەورووپا کۆ بوونەوە و په‌یامى خه‌لكى كوردستانیان به به‌رپرسانى باڵاى ئه‌ورووپا گه‌یاند.
(مونا قه‌هوه‌چى) کە ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ڕیفراندۆمە و لە پێکهاتەی تورکمانەکانە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كۆبوونه‌وه‌ى داهاتووى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ڕیفراندۆم كه پێده‌چێت له كۆتاییى ئه‌م حه‌فته‌یه یاخوود سه‌ره‌تاى حه‌فته‌ى داهاتوو ئه‌نجام بدرێت. له‌و كۆبوونه‌وه‌یه لیژنه‌كان دیاری دەکرێن؛ لیژنه فهرعییهكان و لیژنه‌ى سیاسى و ڕاگه‌یاندن و دیپلۆماسى و چه‌ند لیژنه‌یه‌كى تر‌ى تایبه‌ت به ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم، ئینجا شانده‌كان له‌وێ دیارى ده‌كرێن بۆ سه‌ردانىكردنى به‌غدا و وڵاتان."
(قه‌هوه‌چى) گوتیشی، ئەو لایه‌نانەی له‌نێو ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ڕیفراندۆمدا ئەندامیان هەیە خه‌ریكى كۆبوونه‌وه‌ن و خۆیان ئاماده ده‌كه‌ن.
رۆژی 7ـی حوزەیرانى 2017، (مه‌سعود بارزانى) سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، کۆ بوونەوە و بڕیاریان دا رۆژی 25ـی ئەیلوولی ئەمساڵ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان بکرێت.
kdp-
