وەزیری پێشووتری دادی ھەرێم: ریفراندۆم دەستوورییە
ماوەیەکە ھەندێک لە میدیاکان باس لەوە دەکەن کە سەرکردیاتەیی سیاسیی ھەرێمی کوردستان بەشدار بوونە لە نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراق و دەنگی پێداوە، بۆیە دەبێ پابەندی بەو دەستوورە هەبێت کە جەخت لەسەر یەکپارچەییی عێراق دەکاتەوە و ھەرێمی کوردستانیش بەشێک دەبێت لەو عێراقە، بەڵام لایەنە سیاسییەکان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەوکاتەوە تاوەکو ئێستایش، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بەوە تۆمەتبار دەکەن کە ھیچ داواکارییەکی خەڵکی کوردستانیان بەگوێرەی بەدەکانی ئەو دەستوورە جێبەجێ نەکردووە و مافەکانیشیانی پێشێل کردووە، جێبەجێنەکردنی ماددەی ١٤٠ و نەدانی بەشەبودجە و بڕینی قوتی خەڵکی کوردستان و نەدانی بودجەی پیشمەرگە کە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق، سەرەکیترین ئەو پرسانەن کە لە دەستووردا هاتوون و پشتگوێ خراون.
(شیروان حەیدەری) شارەزای یاسا و وەزیری پێشووتری دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، پرۆسەی ریفراندۆم ھەم یاسایی و ھەمیش سیاسییە. لە ڕووە یاساییەکەیەوە کە وەک ھەندێک باسی دەکەن گوایە یاسایی نییە و پێچەوانەی دەستووری عێراقە، ئەمە راست نییە.
(حەیدەری) گوتی "چەندان بەڵگە ھەنە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ڕاپرسی یاساییە. یەکەم لە دیباجەی دەستووری عێراقدا ھاتووە پابەندبوون بە دەستوور، یەکپارچەییی عێراق دەپارێزێت، ئێستایش پێچەوانەوەکەی دەرکەوتووە کە یەکپارچەیی عێراق ناپارێزرێت، کەواتە ماف دەداتە ئەوانەی دەنگیان بەو دەستوورە داوە لەو عێراقە جیا ببنەوە. خاڵی دووەم لە ماددەی ھەشتی دەستووری عێراقدا ھاتووە، عێراق پابەندە بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، ئیمزایشی کردووە گەلان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، لەوانە رێککەوتننامەی ڤیەننا و رێککەوتننامەی ساڵی١٩٦٦و رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە باس لە بڕایردان لە مافی چارەنووس دەکات و عێراقیش تێیدا ئەندامە. بۆیە گەر ئەمانە کۆ بکەیەوە دەبینین کە پرۆسەی ریفرندۆم یاسایی و دەستوورییە و گەلی کوردستان مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن."
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، (نووری مالیکی) باسی لەوە کردووە کە کورد خۆی دەنگی بە دەستوور داوە بۆ ئەوەی عێراق یەکپارچە بێت و، بۆی نییە ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدات، (شێروان حەیدەری) لەوبارەوە گوتی، "راستە بەوشێوەیەیە، بەڵام خودی(مالیکی) و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە پابەندی دەستووری عێراق نەبوونە و جێبەجێیشیان نەکردووە. کەواتە ئەوان پێشێلیان کردووە و ئەوە خوودی (مالیکی)ـە بە سیاسەتی هەڵەی رێگای بۆ ھەرێم کردووەتەوە لە ڕووی یاساییەوە بۆ ئەوەی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات."
دەربارەی هەڵوێستی وڵاتان لەهەمبەر ئەنجامدانی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆییی باشووری کوردستان گوتی، وەزیری پێشووتری داد، "هێشتا ھیچ وڵاتێک دژایەتیی ریفراندۆمی کوردستانی نەکردووە بەشێوەیەکی فەرمیی، ئەمە لەخۆیدا گرینگە، لە راستیشدا ناتوانن دژایەتی بکەن، چونکە دژایەتیییان بەواتای دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆی ھەرێم."
لە ٢٥/٩ ئەمساڵ، پڕۆسەی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆییی باشووری کوردستان بەرێوە دەچێت، بریارە وڵاتانی ئەندامیش لە یەکێتیی ئەورووپا نوێنەری خۆیان بۆ چاودێریکردنی پرۆسەکە رەوانە بکەن.
kdp-
