پێکهاتەکان؛ خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان متمانەیان بە بەغدا نەماوە

 	 پێکهاتەکان؛ خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان متمانەیان بە بەغدا نەماوە
پێکهاتە جیاوازەکان داوا دەکەن، ڕیفراندۆم لە ناوچەکانی دەرەوەی سنووری ئیدارەی هەرێمی کوردستانیشدا بەڕێوە بچێت و، سەرجەمیان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە دەبێ خەڵکی ئەو ناوچانە خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن.

بڕیارە ٢٥-٩-٢٠١٧ پرۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت، خەڵکی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکەن، پرۆسەکە لە کاتی خۆیدا بە سەرکەوتوویی بەڕێوە بچێت. (د. ماجید شنگالی)، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەری فەریمی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''سەرجەم خەڵکی ئەو ناوچانە لەگەڵ پرۆسەی ڕیفراندۆمن و دەیانەوێت لەو ڕێیەوە چارەنووسی ناوچەکانیان یەکلا ببێتەوە، لە کاتێکدا خەڵکی ئەو ناوچانە متمانەیان بە بەغدا نەماوە و بە سەدان جار لە لایەن دەسەڵاتە جۆراوجۆرەکانی عێراقەوە جینۆساید کراون و قڕ کراون و لەناو براون، بۆیە نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ سەر ئەو مێژووە و دەیانەوێت لە ناوچەکانیاندا ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت، لە کاتێکدا ئەمە مافێکی سەرەتایییە و لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا هاتووە و ئاماژەی پێ کراوە.''

(د. ماجید شنگالی) گوتیشی: ''چاوەڕوان دەکرێت دەنگێکی یەکجار زۆر بە ''بەڵێ'' بۆ ڕیفراندۆم لە ناوچەکەدا بدرێت، کە ئەمەش ئاواتی سەدان ساڵەی گەلی کوردستانە بۆ ئەوەی لەژێر دەستی ڕزگاری ببێت.''

بە پێی ناوەرۆکی کۆبوونەوەی حزبە سیاسییەکان دەبێ پرۆسەی ڕیفراندۆم لە نەینەوا و دیالە و سەلاحەدین و کەرکووک بەڕێوە بچێت، ئەمەش وا دەکات، کە سنووری جوگرافیای کوردستان دیار بکرێت. (محەمەد عیزەددین)، سەرۆکی حزبی گۆڕان و نوێبوونەوەی تورکمانی بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌ڵێت: ''ڕیفراندۆم بڕیاری سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانە و ھیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە ھەڕەشە لە ڕیفراندۆم یان پرۆسەکە بکات، چونکە ئەمە ئیرادەی خەڵکی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانە، هاوکات چارەنووسی ئێمە لەگەڵ ھەولێرە و کەرکووک بەشێکی دانەبڕاوە لە ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بۆیە لە ئێستاوە ئامادەکاری دەکرێت بۆ ڕیفراندۆم و لایەنە سیاسییەکانی کەرکووکیش بە تێکڕای دەنگ کۆبوونەوەیان کردووە و پشتیوانییان ڕاگەیاندووە، کە لە کاتی خۆیدا ڕیفراندۆم بکرێت.''

(محەمەد عیزەددین) ده‌ڵێت: ''ڕیفراندۆمی کوردستان لەو ڕۆژدا دەبێتە ڕۆژێکی مێژوویی و یادیشی دەکرێتەوە، چونکە پێیمان وایە لەم ڕوانگەیەوە مافی پێکهاتەکان پارێزراو دەبێت لە هەر هەڕەشە و دەستدرێژییەک.''

هاوکات (یروانت نیسان)، سەرۆکی لیستی ئەرمەنەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەری فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ڕیفراندۆم ڕۆژى بڕیاردانە لەسەر چارەنووسى خۆمان و ڕۆژى ڕێگریکردنە لە دەستێوەردانە دەرەکییەکانى ناوچەکە، بۆیە ئێمە وەک هەر پێکهاتەیەکى دیکەى هەرێمى کوردستان لە ڕیفراندۆمدا بە (بەڵێ) دەنگ دەدەین.''

سەرۆکی لیستی ئەرمەنەکان ئاماژە بەوە دەدات، کە مانەوەیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان لە بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکانى دیکەدایە، وەک خۆى دەڵێت: ''لەمێژە چاوەڕوانى ئەو ڕۆژەین، کە بڕیار لەسەر مانەوەى خۆمان بدەین لەژێر ئاڵاى کوردستاندا، چونکە ئێمە بەشێکى گرینگى کوردستانین و بە هیچ شێوەیەک بەشێک نین لە عێراق، چەندین ساڵە عێراق و حکوومەتە یەک لە دواى یەکەکانى ئەو وڵاتە جگە لە کۆمەڵکوژى و جینۆساید، هیچى دیکەیان لێ بەرهەم نەهاتووە، بۆیە دەمانەوێت لە پرۆسەى ڕیفراندۆمدا ڕێگرى لە دووبارەبوونەوەى کارەساتەکان بکەین.''

دوێنی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش لە پارێزگای دهۆک کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی ئەنجام دا، وەک سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەکە دەڵیت، لە کۆبوونەوەکەیاندا چەندین پرسی گرێدراو بە ئێزدییانەوە تاوتوێ کران و ڕیفراندۆمیش بابەتی گرینگی کۆبوونەوەکە بوو.

دەربارەی کۆبوونەوەکە، (شێخ شامۆ)، سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش لە دهۆک و نوێنەری کوردانی ئێزدی لە پەرلەمان و هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''پرۆسەی ڕیفراندۆم گرەنتیی چارەنووسی ئێزدییانە، زیاتر لە هەر پێکهاتەیەکی دیکە، چونکە زیاتر لە 90%ی ناوچەکانی کوردانی ئێزدی دەکەونە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ئەمانە هەموویان دەگەڕێنەوە باوەشی هەرێم و ڕێژەی ئێزدییان دەگاتە 15%ی خەڵکی کوردستان.''

ڕۆژی (٧-٦-٢٠١٧) لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا بە سەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی) بڕیاریان دا، (٢٥-٩-٢٠١٧) ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی کوردستان بەڕیوە بچێت، بۆ ئەم مەبەستەش، لە (١١)ی ئەم مانگەدا شاندێک بە سەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی) چوو بۆ بەلجیکا و لەگەڵ بەرپرسە گەورەکانی ئەو وڵاتە و پەرلەمانی ئەورووپا کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی ئەورووپادا، پەرلەمانتارانی ئەوروپی ستایشی ئەو پێکەوەژیانەی هەرێمی کوردستانیان کرد. پێکهاتەی شاندەکە نوێنەری پێکهاتەی کوردانی ئێزدی و مەسیحی و تورکمانیشی تێدا بوو، هەر لەو بارەیەوە، (شێخ شامۆ)، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم گوتی: ''نامەی (سەرۆک بارزانی) بۆ پێکهاتەکانی کوردستان ڕوون و ئاشکرایە و هەموو پێکهاتەکان ئایندەیەکی گەشیان هەیە لە کوردستاندا و کوردستان وەک دایکێک تەوای پێکهاتە و ئایینەکان لەخۆ دەگرێت و ناوەندی پێکەوەژیان و ئاشتییە.''
(شێخ شامۆ) لەگەل (میر تەحسین بەگ)، میری کوردانی ئێزدی لە کوردستان و تەواوی جیهان لە ئەڵمانیا کۆ بووەوە و، باسی ڕیفراندۆمی هەرێمیش یەکێک بوو لە باسە سەرەکییەکان، هەر لەو بارەیەوە (شێخ شامۆ) گوتی: ''(میر تەحسین بەگ) بە هەموو هێزیک پشتیوانی ڕیفراندۆمە و پشتگیریی ئەم پرۆسەیە دەکات بۆ ئەوەی بە سەرکەتوویی بەڕێوە بچێت.''

لە (٣-٨-٢٠١٤)دا داعش دەستی سەر بە شنگالدا گرت و کچ و ژنانی ڕفاند و کردنییە کوێلە و پاشان لە دوو قۆناغدا بە سەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شنگال لە دەستی داعش ڕزگار کرا و (١٠) ڕۆژی ماوە بۆ یادی کارەساتی کوردانی ئێزدی لە شنگال، لەم بارەیەشەوە (شێخ شامۆ) گوتی: ''بنکەی لالش پشکداریی یادی کارەساتی کوردانی ئێزدی لە شنگال لەگەڵ کارگێڕیی پارێزگای دهۆک دەکات و بە هەموو لق و نووسینگەکانییەوە، بنکەکەکە یادی کارەساتی گوندی (کۆچۆ و گرعزێر و سیبا شێخدرێ) دەکاتەوە و، ئەمەش ئەرکی بنکەکەمانە.''
kdp-
Top