لیژنەی کشتوکاڵ: دەنگۆی بڵاوکردنەوەی گرانبوونی گەنم و عەمبارکردنی بە هۆی ڕیفراندۆمەوە دەستی سیاسیی لە پشتە
(زیاد حوسێن)، بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''سەرەتا لە سنووری سلێمانی دەنگۆی ئەوە بڵاو کرایەوە، کە گوایە بە ھۆی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمەوە، قەیران دروست دەبێت و خەڵک ڕووی لە کڕینی گەنم کردووە و نرخەکەی گران بووە و دواتر ئەو دەنگۆیە لە ھەولێر و دھۆکیش بڵاو کرایەوە، بەڵام ھیچ بنەمایەکی نییە و نرخی گەنم وەک خۆیەتی و ئێستاش حکوومەت لە بازار گرانتر گەنم دەکرێت و بەوشێوەیە نییە، کە خەڵک گەنم بکرێت و عەمباری بکات، بەڵام کڕین و فرۆشتنی ھەر پێ دەکرێت، چونکە وەرزی گەنمە و ساڵانە ئەم کاتە بازاری کڕینی گەنم گەرموگوڕ دەبێت.''
بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: ''ئەوانەی ئەو دەنگۆیانە بڵاو دەکەنەوە بۆ ترساندنی خەڵکە و مەبەستی سیاسیشی لەپشتەوەیە، ئەگەرنا بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە ھەواڵانە ھیچ بنەمایەکی نییە و بۆ پڕوپاگندەیە.''
ئەمەش لەکاتێکدایە، دەمێکە ئەوانەی دژی ڕیفراندۆمن دەنگۆی جیاجیا بڵاو دەکەنەوە، بۆ ئەوەی ترس لای خەڵک دروست بکەن و باس لەوە دەکەن، بە ھۆی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمەوە لە ھەرێمی کوردستاندا قەیران دروست دەبێت و سنوورەکان دادەخرێن و قاتوقڕی دەست پێ دەکات، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەنەوە و بە ناڕاست وەسفی دەکەن.
kdp-
