سیاسەتمەدارێكی ئەڵمانیا: هەرێمی کوردستان سەلماندوویەتی شایستەی سەربەخۆییە

 سیاسەتمەدارێكی ئەڵمانیا: هەرێمی کوردستان سەلماندوویەتی شایستەی سەربەخۆییە
سیاسەتمەدارێكی ئەڵمانیا دەڵێت، لەگەڵ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان داین و لە باگڕاوندی فەیسبووكەكەی خۆشم، لە خۆشەویستی گەلی كورد ئاڵای كوردستانم داناوە.



ئەندریاس بیتنیر، سیاسەتمەداری ئەڵمانیا، راگەیاند: "كورد لە هەرێمی كوردستان بە هەموو دونیای سەلماندووە كە ئەزموون و سیستەمێكی دیموكراسیانە و پیشكەوتووی هەیە، بەتایبەتیش لە شەڕی دژ بە چەكدارانی داعش، بینیمان كە چۆن پێشمەرگە رووبەڕوی داعش بووە و پارێزگاری دەكرد و بە هانای خەڵكی سڤیلەوە دەچوو".



ئەو سیاسەتمەدارە ئەڵمانییە گوتیشی "پێشوازیكردن لەو هەموو ئاوارەی شارەكانی عێراق و ناوچەكانی دیكە، سەرەڕای ئەوەی لە قەیرانێكی داراییدا بوون، ئەوانەش وای كرد كە زۆربەی وڵاتان ئاوڕ لە هەرێمی كوردستان بدەنەوە، بەتایبەتیش ئەڵمانیا كە هەمیشە بەهانای كوردەوە هاتووە".



دەربارەی گشتپرسی و سەربەخۆیی كوردستان، ئەو سیاسەتمەدارەی ئەڵمانیا گوتی "لەگەڵ گشتپرسی و سەربەخۆیی كوردستان داین، لە باگڕاوندی فەیسبووكەكەی خۆشم، لە خۆشەویستیی گەلی كورد ئاڵای كوردستانم داناوە، بەشێك لە پەرلەمانتاران و سیاسەتمەدارانی ئەڵمانیاش هاوشێوەی من پشتگیری لە سەربەخۆیی كوردستان دەكەن".



سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمی حكومەتی ئەڵمانیاش تا ئێستا نە بە (بەڵێ)‌ نە بە (نەخێر) وڵامی بۆ ئەو پرسی گشتپرسی و سەربەخۆیی كوردستان نەبووە، چونكە گشتپرسی و سەربەخۆیی بڕیاری گەلی كوردە، دەبێت خۆتان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆتان بدەن، كە مافێكی رەوای خەڵكی باشووری كوردستانە".




باسنیوز
Top