هیڵتەرمان: گشتپرسی دەسەڵاتی زیاتر دەدات بە بارزانی لە بەرامبەر بەغدا

 هیڵتەرمان: گشتپرسی دەسەڵاتی زیاتر دەدات بە بارزانی لە بەرامبەر بەغدا
بەڕێوەبەری گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی لەبارەی گشتپرسی باشووری کوردستانەوە دەڵێت، ئەنجامی ئەو گشتپرسییە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ گشتپرسییەکەی ساڵی 2005 دا نابێت. گوتیشی: "سەربەخۆییەکە بەو زوانە روونادات".

لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ میدیایەکی ئەمریکی، یوست هیڵتەرمان، بەڕێوەبەری گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی لەبارەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان دەڵێت، ئەو گشتپرسییە ئەنجامێکی جیاوازی ئەوتۆی لەگەڵ گشتپرسییەکەی ساڵی2005دا نابێت. گوتیشی:"ئەوە روونە کە کورد هەرچییەک بن، بەڵام لە دڵی خۆیاندا سەربەخۆییان دەوێت".

بە باوەری هیڵتەرمان، ئەنجامی ئەو گشتپرسییە دەسەڵات دەدات بە بارزانی کاتێک کە دەچێتە بەغدا بۆ دانوستاندن بۆ پرسی سەربەخۆیی.

لەبارەی کاتی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستانیش بەڕێوەبەری گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان پێیوایە کە "ئەو سەربەخۆییە بەو زوانە روونادات".

هیڵتەرمان لە بارەی نەبوونی دەرفەتی مێژوویی بۆ کورد بۆ ئەوەی بگەنە سەربەخۆیی و جیاوازی ئەمڕۆی بارودۆخی ناوچەکەش بەراورد بە رابردوو، ئاماژە بەوە دەکات کە "ئێستا حکومەتی عێراق زۆر لاوازە، هەروەها سووریاش لە شەڕێکی خوێناویدایە، بەڵام هەر یەک لە تورکیا و ئێران لەسەر پێی خۆیان وەستاون".

یوست هیڵتەرمان ئەوەش بە کۆسپی سەرەکی دەزانێت لەبەردەم دروستبوونی ئەو دەوڵەتە کوردییە و دەڵێت، تاوەکو ئەو دوو دەوڵەتە وەک ئێستایان بمێنن، ئەوا کورد ناتوانن سەربەخۆ بن، چونکە ئەو دوو وڵاتە سەربەخۆیی کوردەکانی عێراق بە مەترسی دەزانن بۆسەر ئاسایشی نێوخۆی خۆیان بەو پێیەی ژمارەیەکی زۆری کورد لەو دوو وڵاتەدا دەژین.




باسنيوز
Top