پارتی ديموكراتي كوردستان و یەکێتی لە هەولێر کۆدەبنەوە

 پارتی ديموكراتي كوردستان و یەکێتی لە هەولێر کۆدەبنەوە
بە مەبەستی خستنەڕووی ئه‌نجامی کۆبوونەوەو دیدارەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی و هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێران لەبارەی گشتپرسی باشووری کوردستان، ئەمڕۆ شاندێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ هەر یەک لە پارتی و زەحمەتکێشان کۆدەبێتەوە.

هێڤیدار ئەحمەد، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند: دوای گەڕانەوەی شاندێکی باڵای یەکێتی لە ئێران، دوێنێ شەممە 22-7-2017 شاندێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی هەر یەک لە حیزبی شیوعی و یەکگرتووی ئیسلامی کرد و بڕیارە ئەمڕۆش سەرەتا لەگەڵ حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆببێتەوەو دواتریش کۆبوونەوەی لووتکە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجام بدات.

رۆژی چوارشەممە 19-7-2017 مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتی كۆسره‌ت ره‌سول، جێگری یەکەمی سكرتێری گشتیی ئەو حیزبە کۆبووەوە.

بەپێی راگەیێندراوێک لە کۆبوونەوەکە بڕیاردراوە به‌زووترین كات شاندێکی یه‌كێتی له‌سه‌ر ئه‌نجامی کۆبوونەوەو دیدارەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی و هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێران لەبارەی گشتپرسی باشووری کوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان كۆببێته‌وه.

پەیامنێری رووداو دەڵێت: یەکێتی مەبەستیەتی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی و لایەنەکانی دیکە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێرانی باس بکەن.

پەیامنێری رووداو دەشڵێت: شاندەکەی یەکێتی بڕیارە کاژێر 9:30 خولەک لەگەڵ حیزبی زەحمەتکێشان کۆببێتەوە و دوای نیوەڕۆش لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبێتەوە، لە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتیش تەنها باسی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی شاندی یەکێتی و لایەنی ئێرانی ناکرێت، بەڵکو باسی پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانیش دەکرێت.




رووداو
Top