ئازاد جندیانی: خۆشحاڵم کە یەکەمین بەشداریم لە بانگەشەی ڕیفراندۆم لە ناوچەکەمدا دەکەم
ئازاد جندیانی، سیاسەتمەدار و ڕووناکبیر، خۆشحاڵیی خۆی بە یەکەمین بەشداریکردنی خۆی لە بانگەشەی ڕیفراندۆم لە شاری سۆرانەوە ڕاگەیاند و باسی لە ترسی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان لە کورد کرد.
ئازاد جندیانی، لە سەرەتای وتەکانیدا لە میانی کۆڕێک کە بە ناوی (فۆبیای کورد) کە ئێستا لە هۆڵی ڕۆشنبیری و هونەر لە سۆران بەڕێوە دەچێت، ڕای گەیاند: ”خۆشحاڵم کە یەکەمین بەشداریم لە بانگەشەی ڕیفراندۆم لە ناوچە و شار و خەڵکی خۆمدایە و شانازی پێوە دەکەم و دڵنیام خەڵکێکی یەکجار زۆری ناوچەکەم بە (بەڵێ) لەگەڵ ڕیفراندۆم دان“.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد: ”بابەتی فۆبیای کورد، مەبەست لێی ترسی کورد خۆی نییە، بەڵکوو ئێمە دەزانین کە هەموو تاکێکی کورد هەمیشە ترسی لەو وڵاتانە هەبووە کە بەشێک لە کوردستانیان پێوە لکێندراوە و دەتوانین بڵێین ئەوانە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانن“. گوتیشی: ”لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، عێراق، ئێران، سووریا و تورکیا دروست کران کە ئەو وڵاتانە ترسێکی هاوبەشیان لە کورد هەبووە و بۆ یەک ڕۆژیش ئەو ترسەیان دانەمرکاوەتەوە و تەواوی سیاسەتە (ئیداری، ئابووری، ئەمنی، کولتووری و ..هتد)یان کاریگەریی ترسی ئەو وڵاتانەی لە کورد بە سەرەوەیە“.
bas news-
