زەردەشتییەكانی كوردستان پشتگیریی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم دەربڕی
(شێخ لوقمان)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "ئێمەی زەردەشتییەكان، پشتگیری لە سەربەخۆیی كوردستان دەكەین و، داواكارین هەموو كوردستانیان بە دەم ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستانەوە بچن و دەنگ بە (بەڵێ) بۆ ڕیفراندۆم بدەن".
(شێخ لوقمان) گوتیشی: "بێ سڵەمینەوە، پرسی كورد، پرسی خاكە، بۆیە بانگەوازی یەكدەنگی و یەكڕەنگی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی لە هەموو لایەك دەكەین بۆ گەڕانەوەی مافی نەتەوەكەمان و گەڕانەوەی خاكە داگیركراوەكانمان".
ڕێبەری زەردەشتییەكان دەشڵێت: "خۆشبەخت ئەو كەسەیە لە پێناو خۆشبەختیی كەسەكانی دیكەدا تێدەكۆشێت، بۆیە ئێمە خۆشبەختی لە دەرفەتی یەكسانی لە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستاندا دەبینینەوە و لەو پێناوەیشدا تێدەكۆشین".
ناوبراو ئاماژەیشی دا: "حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی بەغدا هەمیشە كوردیان جینۆساید كردووە و چەوساندوویانەتەوە، بۆیە دەبێت ڕێفراندۆم وەك تاكە چارەسەری بۆ دۆزی ڕەوای گەلەكەمان بزانین و بە یەك دەنگ پشتگیری لێ بكەین."
kdp-
