مەحما خەلیل: ڕیفراندۆم بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ڕزگاركردنی كوردانی ئێزدییە

 	 مەحما خەلیل: ڕیفراندۆم بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ڕزگاركردنی كوردانی ئێزدییە
قایمقامی شارۆچكەی شنگال ڕایگەیاند، ڕیفراندۆم بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگالە، ڕیفراندۆم لە بەرژەوەندیی دایك و خوشك و خەڵكی ئێزدیدایە، كە تا ئێستا لە دەست داعشدا ماون، سەرۆكی حكوومەت، كە نووسینگەیەكی بۆ ڕزگاركردنی كوردانی ئێزدی كردووەتەوە، بەردەوام لەسەر خەتە بۆ ئازادكردنی ئەوانەی كە تا ئێستا ماون.

شنگال لە 3/8/2014دا لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە داگیر كرا، دوای زیاتر لە ساڵێك مانەوە لەژێر چنگی تیرۆریستانی داعشدا، هێزی پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی)، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێم، توانیان شنگال ڕزگار بكەن و بیگەڕێننەوە بۆ باوەشی كوردستان.

(مەحما خەلیل)، قایمقامی شارۆچكەی شنگال بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دیار كرد: ''ڕیفراندۆم بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگالە، ڕیفراندۆم لە بەرژەوەندیی دایك و خوشك و خەڵكی ئێزدیدایە، كە تا ئێستا 3 هەزار و 71 كەس لە دەست تیرۆریستانی داعش ڕزگار كراون و 3 هەزار و 356 كەسیش چارەنووسیان دیار نییە.''

(خەلیل) گوتی: ''سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی سەرۆكی حكوومەت دەکەین، كە نووسینگەیەكی بۆ ڕزگاركردنی كوردانی ئێزدی كردووەتەوە، كە كارێكی پیرۆزە و هەر كەسێكیش تا ئێستا ئازاد كرا بێت، لە ڕێی ئەو نووسینگەیەوە ئازاد كراوە، بەردەوامیش لەسەر خەتە بۆ ئازادكردنی كچ و ژنانی ئێزدی، ئەوانەی كە تا ئێستا ماون.''

قایمقامی شارۆچكەی شنگال ڕایگەیاند: ''بە دەیان جار لە ڕێی كۆنفڕانس و نوسراوی فەرمییەوە داوامان لە حكوومەتی عێراق، پەرلەمانی عێراق و ئیدارەی مووسڵ كردووە، كە گرینگی بە كچ و ژنانی ئێزدی بدەن، ئەوانەی كەوتوونەتە دەست تیرۆریستانی داعش، بەتایبەتی ئەوانەی براونەتە دەرەوەی عێراق، بەڵام بەداخەوە هیچ گرینگیان بەو بابەتە نەداوە و كەمتەرخەم بوونە لە ئازادكردنی ئەواندا.''
kdp-
Top