لەماوەی دوو ساڵ شەڕدا سێ هەزار کەس لە باکووری کوردستان کوژراون

 لەماوەی دوو ساڵ شەڕدا سێ هەزار کەس لە باکووری کوردستان کوژراون
رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆمەڵگەی مەدەنی، لەدوای دوو ساڵ شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و حکوومەتی تورکیا، راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاشکرای دەکا، کە لە ماوەی دوو ساڵ شەڕدا، نزیکەی سی هەزار کەس کوژراون.



لەدوای ئەوەی پرۆسەی ئاشتی لەنێوان پەکەکە و تورکیا کۆتایی ھات و شەر بەرپا بووەوە، رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆمەڵگەی مەدەنی ئاماژە بە زیادبوونی کوژراوان لە ریزەکانی پەکەکە، دەکات.



رێکخراوەکە تەنیا یەک رێگەی پێشنیاز کردووە بۆ راوەستانی شەڕ، ئەویش ”دووبارە گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ“، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بەم نزیکانە ئەستەمە ئەو دانیشتن و گفتوگۆیە لەنێوان پەکەکە و تورکیا ئەنجام بدرێت.



لەراپۆرتەکەدا هەروەها ھاتووە، نیوەی ئەو کەسانەی لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا کوژراون ، چەکدارانی پەکەکەن، کە ژمارەیان ھەزار و 378 چەکدارە و ٩٧٦ سەربازی تورکیاش کوژراون، جگە لە کوژرانی 408 هاووڵاتیی سڤیل.



ئەوەی دەمێنێتەوە 219 کەسی دیکەیە، کە لە راپۆرتەکەدا ھاتووە نازانرێت سەر بە کام لایەنن، ئاخۆ باڵی لاوانی سەربازی پەکەکەیە؟ یاخود سەر بە حکوومەتن و شاراوەن؟ بەڵام تەمەنیان لەنێوان 16 بۆ 53 ساڵییە.



لەراپۆرتەکەدا ھاتووە، کە پەکەکە لەساڵی 2012 تاوەکو 2015، کە قۆناغی ئاشتی لە ئارادا بوو، ھەزاران چەکی لەباکووری کوردستان جێگیر کردووە و ”لەکاتی بەرپابوونی شەڕیش سوودی لەو چەکانە بینیوە“.



نیوەی ژمارەی ئەو کوژراوانەی باس کراون، لە شارەکانی کوردستان (ھەکاری، گەڤەر، سەنتەری شرناخ، جیزرە، سلۆپی، مێردین و ناوچەی سووری ئامەد کوژراون.


باسنیوز
Top