فەلاح مستەفا: دەولەتی کوردستان جارەسەرە نەک کیشە

فەلاح مستەفا: دەولەتی کوردستان جارەسەرە نەک کیشە

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە لە ئێستا بە گەشتێکی فەرمی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، جەخت دەکاتەوە کە کوردستانێکی سەربەخۆ چارەسەرە نەوەک کێشە.



فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ماڵپەڕی (Foreign Policy)ی ئەمریکی، ڕایگەیاندووە: "کورد پێی وایە ئەمریکا دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەری ھەبێت لە گفتوگۆی سەربەخۆیی نێوان ھەولێر و بەغدا، ئەگەر کوردستانیش سەربەخۆیی وەربگرێت، ئەوە چارەسەری کێشەیە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، نەک کێشە".



بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جەختیشی لەوە کردوەتەوە کە واشینگتۆن ھەژمونی پێویستی لە عێراقدا ھەیە، بۆ ئەوەی گفتوگۆیەک لە نێوان ئەم دوو لایەنە دروست بکات، بە گوتەی فەلاح مستەفا، "ھەر کەسێک لە بەغدا دادەنیشێت، ھەوڵ دەدات ھەرچی دەسەڵات ھەیە بۆ خۆی بگرێتە دەست و کۆنتڕۆڵی ھەموو شتێک بکات”.


ئەم بەرپرسە باڵایەی کورد، جەختیشی لەوە کردوەتەوە: "کورد لە چوارچێوەی عێراقدا، ھەرگیز وەک بەشداربوویەکی ڕاستەقینەی دەسەڵات مامەڵەی لەگەڵدا نەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا کورد توانیویەتی وەک باشترین دۆست و ھاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکە ڕۆڵ بگێرێت".


فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنەکە دەڵێت: "ھەرێمی کوردستان ئەم پێگەیەی لە ڕێگەی بنیادنانی دیموکراسی و جەنگی دژ بە تیرۆر و داڵدەدانی ملیۆنان ئاوارە و پەنابەردا دەستەبەر کردووە".



ئاشکراشی کردووە: "گەلی کوردستان خوازیارە ئەمریکا پابەندی دۆستایەتی و پرەنسیپ و بنەما دیموکراسییەکان بێت کە لە نێوان واشینگتۆن و ھەولێر بنیاد نراوە".



فەلاح مستەفا لە ئێستادا و بە گەشتێکی فەرمی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دیداری لەگەڵ چەندین بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوە و ئیدارەی ئەمریکا ھەبووە بۆ تاوتوێکردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کە بڕیارە ٢٥ی ئەیلولی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.
bas news-
Top