د. كاوە مەحموود: ڕیفراندۆم دەرفەتێكی مێژوویییە

 	 د. كاوە مەحموود: ڕیفراندۆم دەرفەتێكی مێژوویییە
سكرتێری حزبی شیوعی باس لە پرسی ڕیفراندۆم دەكات و دەڵێت، ئەمە دەرفەتێكی مێژوویییە بۆ ئێستای كوردستان و بڕیاردان لە چارەنووسی خەڵكی كوردستان.

لەبارەی پرسی ڕیفراندۆمەوە، هەندێك لێدوان لە بەغداوە دەدرێن، كە ئامادەن بە هەموو شێوەیەك لەگەڵ كوردستان گفتوگۆ بكەن بۆ ئەوەی لە عێراق جیا نەبێتەوە، چەند پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاساش ڕایانگەیاندووە، ئەگەر كوردستان نیگەرانە لە جێبەجێنەكردنی هەندێك خاڵی دەستوور، دەتوانین پێكەوە گفتوگۆ بكەین. (د. كاوە مەحموود)، سكرتێری حزبی شیوعیی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''لە ڕاستیدا ئەوە بەغدایە پابەندی دەستوور نەبووە، لە دیباچەی دەستووردا ئاماژە بە مافی پێكهاتە و ئایین و نەتەوە جیاوازەكانی عێراق كراوە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا جێبەجێ نەكراوە، دەستوورە، وەلێ ئەگەر ئەو دەستوورە جێبەجێیش بكرێت، ئەمە مانای ئەوە نییە ئەو گەلە بۆی نییە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، چونكە پەنابردن بۆ ڕیفراندۆم وەك تاقیكردنەوەی ناوەندێكی دیموكراتییە، بۆ جێبەجێكردنی ئەم مافە. وەك حزبی شیوعی پێمان وایە ئەگەر لە بەغدا حكوومەتێكی دیموكراتخوازیش هەبێت، دیسانەوە ئەمە مافی گەلێكە و لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكاندا هاتووە، كە دەبێت نەتەوەكان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، بابەتەكەش كاردانەوە نییە لە بەرانبەر سیاسەتی بەغدا، یان پرسە كەڵەكەبووەكان، بەڵكو نموونەی زۆر هەیە لە جیهاندا، بۆ وێنە كەنەدا وڵاتێكی دیموكراتییە، بەڵام كاتێك بەشێكی داوای جیابوونەوە دەكات، ئەمە مافێكی سرووشتییە.''

(د. كاوە) گوتی: ''كەس بۆی نییە مافی گەلی كوردستان زەوت بكات و، بەپێی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكان ئەو مافە دراوە.''

لەبارەی دواخستنی پرۆسەكەوە، كە هەندێك كەس و لایەن باسی دەكەن، (د. کاوە مەحموود) دەڵێت: ''هەندێك لایەن كە باس لە دواخستنی دەكەن، بۆ ئەوەیە نەكرێت، واتا مەبەستیان ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆمە و نەكردنیشی خزمەتی ئەم دۆخەی ئێستا ناكات، دواتر ئەگەر دوا بخرێت هەڵوێستی بەغدا گۆڕانكاری بەسەردا دێت؟ من پێم وا نییە بەغدا و تاران و ئانكارا پێمان بڵێن بڕۆن ڕیفراندۆم بكەن، ئەمە مافێكی گەلی كوردستانە و پەیوەندیی بە خۆمانەوە هەیە، بۆیە هەر دواخستنێك بە بێ گەرەنتی، زیان بە پرسی ڕیفراندۆم و كوردستان دەگەیەنێت.''

(د. كاوە مەحموود)، ئەوەیشی خستەڕوو: ''لە دوای پرۆسەی ڕیفراندۆم و ڕوونبوونەوەی بڕیاری خەڵكی كوردستان، دەكرێت سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بكات لەسەر بڕیاری خەڵك و بزانن خەڵكی كوردستان چ بڕیارێكی داوە، بۆیە دوای ڕیفراندۆم، گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغدا لەسەر چارەنووسی گەلی كوردستان دەكرێت و ڕیفراندۆمیش لەسەر هیچ لایەنێك گوشار نییە.''

kdp-
Top