پاسپۆڕتی سلێمانی: سیستەمی دەرکردنی پاسپۆرت دەگۆڕێت
سالار عەبدولڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی، ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی موڵەتی ناوخۆی عێراقمان وەرگرت، بڕیارمان داوە سیستەمی نوێی دەرکردنی پاسپۆرتی بگۆڕین".
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی، ئەوەشی خستە ڕوو: "لە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی، پاسپۆرتێکی زۆر دەرچووە ئێمە چاوەڕێی ھاووڵاتییان دەکەین کە پاسپۆڕتەکەیان وەربگرنەوە، بەڵام تائێستا ئامادەی وەرگرتنەوەی پاسپۆڕتەکەیان نەبوون، لەگەڵ ئەوەش ئێمە لەلایەن پاسپۆرتی بەغداوە ئاگادار کراوینەتەوە کە لەماوەیەکی کەمدا پاسپۆرتەکانیان بدەینەوە، بۆیە داوا لەو ھاووڵاتییانە دەکەین کە پاسپۆرتیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمانە زوو وەری بگرنەوە، چونکە لە داھاتوودا ناتوانن بە ئاسانی وەریبگرنەوە، چونکە سیستەمە نوێیەکە جیاوازە لە سیستەمە کۆنەکە".
سالار عەبدولڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی، گوتیشی: "لە داھاتوویەکی نزیکدا لە بەغداوە داوامان لێدەکرێت کە کاروباری پاسپۆرت بوەستێنین، ڕەنگە بۆ ماوەی نزیکەی 10 ڕۆژ کاروبارەکانی پاسپۆڕتی سلێمانی بوەستێنین، دوای ئەوە سیستەمە نوێیەکە دەکەوێتە کار، سەرلەنوێ ئیش بۆ ھاووڵاتییان دەست پێدەکەینەوە، لە سیستەمە نوێیەکەدا ئەو کێشانەی لە سیستەمە کۆنەکەدا ھەیە چارەسەر کراوە، بۆ نموونە گەر ھاووڵاتییەک بیەوێت پاسپۆرت دەربکات دەبێت لای وێنەگرێک وێنە بگرێت کە لەوەیە گونجاو نەبێت، بۆیە لەمەودوا لای خۆمان وێنەیان بۆ دەگیرێت و بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی دادەبەزێتە سەر پاسپۆرتەکە، دەربارەی ئەوەی گۆڕانکاری لە نەخشە و ڕەنگی پاسپۆڕتە نوێکە دەکرێت".
ئاشکراشی کرد: "لە قۆناغی یەکەمدا سیستەمەکە و پەنجە مۆرو وێنەکان دەگۆڕدرێن، لە قۆناغی دووەمدا دیزاینی پاسپۆرتەکەش دەگۆڕین بە شێوەیەکی زۆر پێشکەوتوو کە سیستەمی سویدی یان نەرویجی دەبێت، ھەروەھا مۆری چاوی تێدایە و پەڕەی زانیاریەکەشی باشتر دەبێت".
باسنیوز
