دینداری دۆسکی: وتەکانی بارزانی لەبارەی بڕینی قووتی خەڵک بەغدای خستە بەردەم دوو ئەگەرەوە

 دینداری دۆسکی: وتەکانی بارزانی لەبارەی بڕینی قووتی خەڵک بەغدای خستە بەردەم دوو ئەگەرەوە
یەکێک لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەریی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ڕای گەیاند، پەیامەکەی بارزانی بەغدای خستووەتە بەردەم دوو ئەگەرەوە و یان دەبێت بێدەنگی هەڵبژێرێت، یانیش باوەڕ بە خەڵکی کوردستان بهێنێت.



دوێنێ چوارشەممە 19/7/2017، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ئەو کارە نادەستووری و نایاساییانەی بەغدای دووپات کردەوە کە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان ئەنجامی داوە و ڕای گەیاند: “لە بەغدا کار گەیشتە ئەوەی نانی خەڵکی کوردستان بە نوکەئیمزایەک ببڕن و نەشمانبینی ھیچ لایەنێکی سیاسی یان ناوەندێکی ئایینی، ئیدانەی ئەو بڕیارە نادەستووری و نامرۆڤانەیە بکات کە قووتی خەڵکی کوردستان و شیری منداڵی کوردستانی بڕیوە. بەپێی کام یاسا و کام ماددەی دەستوور حکوومەتی عێراقی ئەو مافەی ھەیە ئیجرائاتی نایاسایی دەرھەق بە گەلی کوردستان بکات؟”.



لەمبارەیەوە د. دیندار نەجمان دۆسکی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامی کە چەند ساڵێکە دەستی لەکار کێشاوەتەوە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بارزانی لەم بڕگەیەدا بەغدای خستە بەردەم دوو ئەگەرەوە، یان ئەوەتا دەبێت وەڵامی خەڵکی کوردستان بداتەوە کە بۆچی قووتی خەڵکی کوردستان بڕدرا و لەسەر چ پێوەرێک بە واژووی کەسێک قووتی خەڵکی کوردستان دەبڕدرێت؟ ئەگەری دووەمیش، ئەگەر وەڵامی پرسیارەکەی بارزانییان دایەوە، دەبێت بڕوا بە خەڵکی کوردستان بهێنن کە بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان لەبەرژەوەندیی کێ بوو؟ بێ گومان بارزانی زانیویەتی لە چ ڕوانگەیەکەوە بچێت بۆ بەغدا، چونکە بەغدا دەیەویست بەبڕینی قووتی خەڵکی کوردستان خەڵک لە کوردستان هەڵسێت و خۆپیشاندان بکات و دامەزراوەکانی کوردستان بوستێنێت، بۆ ئەوەی کوردستان ملکەچی داخوازییەکانی خۆی بکات".



ئەوەشی دووپات کردەوە کە بە هەزاران منداڵی کوردستان لە ئەنجامی بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان، “لە شیر بێ بەش بوون کە سادەترین نموونەی ئەو سیاسەتەیە کە بەغدا بەرانبەر بە کوردستان پەیڕەوی کردووە، لەوە دەچێت بەشێک لە ڕوانگەی قسەکانی بارزانی بۆ ئەو ناکۆکییە بێت کە لەنێوان هێزە عەرەبە شیعەکان دایە، بەتایبەت لەنێوان نووری مالیکی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق و حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، چونکە قووتی خەڵک لە سەردەمی مالیکیدا بڕا و عەبادیش لەترسی ناکۆکیی ناوخۆیی درێژەی پێدا".




باسنیوز
Top