چوار پێشمەرگەی دیل لە زیندانێکی داعش ئازاد دەکرێت

 چوار پێشمەرگەی دیل لە زیندانێکی داعش ئازاد دەکرێت
بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئازادبوونی چوار پێشمەرگەی دیل لە زیندانێکی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، رادەگەیەنێت.



عیسمەت رەجەب، بەرپرسی لقی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی راگەیاندووە، رۆژی چوارشەممە 19.7.2017 هێزە عێراقییەکان لە بەری رۆژئاوا (راست)ی مووسڵ زیندانێکی داعشیان دۆزیوەتەوە، کە ژمارەیەک کەسی تێدا بووە.



عیسمەت رەجەب ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەدواداچوونی بۆ ئەو زانیارییانە کردووە، کە باس لەوە دەکەن چوار پێشمەرگە، کە بە دیلی کەوتبوونە ژێر دەستی داعش، لەو زیندانە بوون، بەڵام ”تەنیا ھەواڵەكە پشتڕاست كراوەتەوە و ھێشتا ناسنامەی ئەو پێشمەرگانە دیار نییە“.



بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پارتی، ئێستا ئەو چوار پێشمەرگەیە لای هێزە عێراقییەکانن و ”هێشتا نەگەیشتوونەتەوە کوردستان“.



بەپێی ئاماری وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای شەڕی دژی داعشەوە تا ئێستا، 69 پێشمەرگە بێ سەروشوێنن و بە دیلی کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی داعش.



باسنیوز
Top