کۆمپانیا ئەڵمانییەکان بۆ کارکردن دێنە ھەرێمی کوردستان
لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا ئەڵمانیا ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەبوو لە ھاوکاریکردنی ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، تەنانەت بە پێدانی چەکی میلان پێشمەرگە توانی زیاتر سەرکەوێت بەسەر تیرۆریستاندا و ھەماھەنگیی زۆر لە نێوان ھەرێم و ئەڵمانیادا ھەیە بۆ شەڕی داعش.
(عەبدولڕەحمان دۆسکی)، ڕێکخەری کۆنفڕانسەکە لە ئاھەنگی ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی کارەکانی کۆنفڕانسدا، کە پەیامنێری ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانیش تێیدا ئامادە بوو، ڕایگەیاند: ''کۆنفڕانسەکە لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی داھاتوو لە شاری ھانۆڤەری ئەڵمانیا لەژێر چاودێریی سەرۆکوەزیرانی ئەڵمانیادا بەڕێوە دەچێت و بۆ جاری یەکەمە ھەرێمی کوردستان بەشداری دەکات، بۆ ئەم مەبەستە ١٠٠ کۆمپانیای ھەرێم بەشداری کۆنفڕانسەکە دەبن و لە عێراقیش ٨٠ کۆمپانیا و نیزیکەی ٩٠ کۆمپانیای ئەڵمانیش بەشدار دەبن، مەبەست لە ئەنجامدانی کۆنفڕانسەکە بۆ ئەوەیە کۆمپانیا ئەڵمانییەکان و ھەرێمی کوردستان و عێراق پێکەوە پڕۆژە ئەنجام بدەن و وەبەرھێنەرانی ئەڵمانی بێنە ھەرێمی کوردستان.''
(دۆسکی) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''لە ھەموو عێراق و ھەرێمی کوردستاندا ٣٢ کۆمپانیای ئەڵمانی کار دەکەن و ٧٠٠ کۆمپانیای دیکەش کاری ھاوبەشیان ھەیە لەگەڵ وەبەرھێنەر و خاوەنکارانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، ئێمە دوای ئەو کۆنفڕانسە زنجیرەیەک کۆنفڕانسی دیکە ئەنجام دەدەین لە ھۆلەندا و بەلجیکا و وڵاتانی دیکەی جیھان، دواتر کۆتا کۆنفڕانسیش دێنینە ھەرێمی کوردستان.''
لای خۆیشیەوە، (داستان سەباح)، بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی ژووری بازرگانیی ئەڵمانی لە ھەرێمی کوردستان گوتی: ''ئێمە نەک لەو کاتانەی ڕەوشی ئەمنیی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەبار نییە کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا دێنینە ھەرێمی کوردستان، بەلکو لە کاتە سەخت و دژوارەکانیشدا ئامادەین ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکەین و کۆمپانیا ئەڵمانییەکان پڕۆژە لە ھەرێم ئەنجام بدەن، بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسێکی ھاوبەش لە نێوان ئەڵمانیا و ھەرێمی کوردستان کاریگەریی خۆی دەبێت بۆ ئەوەی زیاتر کۆمپانیا و وەبەرھێنەرانی ئەڵمانیا بێنە ھەرێمی کوردستان.''
kdp-
