دەستەی دەستپاكی: لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان 48 كەیسی گەندەڵی هەیە
ئەمڕۆ چوارشەممە 19.7.2017، حاكم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان، لە پرێنس كۆنفرانسێكدا ڕای گەیاند: "نزیكەی دوو ساڵە بە هاوكاریی دەزگایەكی بەریتانی ئیش لەسەر پرۆژەیەك دەكەین، بۆ ئەوەی بەرەنگاری گەندەڵی ببینەوە، ئەوەش خاڵێكی گرنگە و پلانێكی زانستییە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی، هەروەها هەموو دەزگاكان لەو چوارچێوەیە كۆ دەكاتەوە، ئەو ستراتیژیەمان وەك پێشنیار بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ناردووە، چاوەڕێین دانیشتنی لەسەر بكەن، بۆ ئەوەی ڕێکارێک و لێژنەیەكی باڵای بۆ دابمەزرێنن بۆ ئەوەی كار لەسەر ئەو ستراتیژییە بكەن".
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان لەسەر كەیس و زانییارییە هاتووەكان لە ڕۆژی 1.1.2017 تا كۆتایی مانگی شەشی ئەمساڵ، ئاشكرای كرد "كە لە شاری هەولێر (12) داوای هەواڵدەری ئەمساڵ و (47) داوای سزایی ساڵێ پار هاتبووە، هەروەها كۆی گشتیی (101) داوای هەواڵ دەری بووە، هەروەها كۆی گشتیی داوا سزاییەكانی ساڵی پار و ئەمساڵیش دەكاتە (94) داوای سزا.
هاوکات لە شاری سلێمانیش (12) داوای هەواڵدەری لە ئەمساڵدا هەبووە، كۆی گشتیی داوای هەاوڵدەرییەكانی ساڵی پار و ئەمساڵیش دەكاتە (31) داوا، ئەم شەش مانگەی ئەمساڵیش (40) داوای سزایی هەبووە، كۆی گشتیی لەگەڵ ساڵی پاردا (85) داوای سزایی بووە، بەڵام لە پارێزگای دهۆك (16) داوای هەواڵدەری هەبووە و كۆی گشتی لەگەڵ ساڵی پاردا دەكاتە (51) داوای هەواڵدەری، هەروەها ئەمساڵ (9) داوای سزاییمان هەبووە و كۆی گشتیی لەگەڵ ساڵی پاردا دەكاتە (16) داوای سزایی.
هێمای بۆ ئەوەش كرد "كۆی گشتیی ئەو كەیسانە بە هەواڵدەری و سزاییەوە (378) كەیسی گەندەڵییە، كە دەستەی دەستپاكی ئیشی لەسەر دەكات".
باسنيوز
