دەستەی دەستپاكی: لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان 48 كەیسی گەندەڵی هەیە

 دەستەی دەستپاكی: لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان 48 كەیسی گەندەڵی هەیە
حاكم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی هەرێمی کوردستان لە پرێنس كۆنفرانسێكدا ڕای گەیاند، ئێستا 48 كەیسی گەندەڵی لە دادگاكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە، ئەگەر دادگاكان ئەو ڕێژەیە یەكلا بكەنەوە، ئەوا دژایەتیكردنی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان دەچێتە قۆناغێكی دیكەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 19.7.2017، حاكم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان، لە پرێنس كۆنفرانسێكدا ڕای گەیاند: "نزیكەی دوو ساڵە بە هاوكاریی دەزگایەكی بەریتانی ئیش لەسەر پرۆژەیەك دەكەین، بۆ ئەوەی بەرەنگاری گەندەڵی ببینەوە، ئەوەش خاڵێكی گرنگە و پلانێكی زانستییە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی، هەروەها هەموو دەزگاكان لەو چوارچێوەیە كۆ دەكاتەوە، ئەو ستراتیژیەمان وەك پێشنیار بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ناردووە، چاوەڕێین دانیشتنی لەسەر بكەن، بۆ ئەوەی ڕێکارێک و لێژنەیەكی باڵای بۆ دابمەزرێنن بۆ ئەوەی كار لەسەر ئەو ستراتیژییە بكەن".

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان لەسەر كەیس و زانییارییە هاتووەكان لە ڕۆژی 1.1.2017 تا كۆتایی مانگی شەشی ئەمساڵ، ئاشكرای كرد "كە لە شاری هەولێر (12) داوای هەواڵدەری ئەمساڵ و (47) داوای سزایی ساڵێ‌ پار هاتبووە، هەروەها كۆی گشتیی (101) داوای هەواڵ دەری بووە، هەروەها كۆی گشتیی داوا سزاییەكانی ساڵی پار و ئەمساڵیش دەكاتە (94) داوای سزا.

هاوکات لە شاری سلێمانیش (12) داوای هەواڵدەری لە ئەمساڵدا هەبووە، كۆی گشتیی داوای هەاوڵدەرییەكانی ساڵی پار و ئەمساڵیش دەكاتە (31) داوا، ئەم شەش مانگەی ئەمساڵیش (40) داوای سزایی هەبووە، كۆی گشتیی لەگەڵ ساڵی پاردا (85) داوای سزایی بووە، بەڵام لە پارێزگای دهۆك (16) داوای هەواڵدەری هەبووە و كۆی گشتی لەگەڵ ساڵی پاردا دەكاتە (51) داوای هەواڵدەری، هەروەها ئەمساڵ (9) داوای سزاییمان هەبووە و كۆی گشتیی لەگەڵ ساڵی پاردا دەكاتە (16) داوای سزایی.

هێمای بۆ ئەوەش كرد "كۆی گشتیی ئەو كەیسانە بە هەواڵدەری و سزاییەوە (378) كەیسی گەندەڵییە، كە دەستەی دەستپاكی ئیشی لەسەر دەكات".










باسنيوز
Top