پێش کاراکردنەوەی پەرلەمان پارتی ھەندێک پرسی سیاسی لەگەڵ گۆڕان یەکلا دەکاتەوە
پارتی و گۆڕان پێش ئەوەی پەرلەمان کارا بکەنەوە، لەسەر چەند پرسێکی سیاسی کۆبوونەوە دەکەن و یەکێک لەو پرسانەش پرسی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و ھاتنەوەی وەزیرەکانی گۆڕانە بۆ ناو حکوومەت.
پارتی بە ڕاشکاوانە بە گۆڕان دەڵێت ھەندێک پرس ھەن دەبێ ڕێککەوتنی سیاسیان لەسەر بکرێت و بەپێچەوانەوە رەنگە گرفتەکان درێژە بکێشن.
ئەحمەد کانی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دەبێ لەسەر پرسی ھێنانەوەی وەزیرەکانی گۆڕان بۆ ناو حکوومەت گفتوگۆ بکرێت و گفتووگۆکەش ئەوە دەبێت بەپێی ھەمان ڕێککەوتنی ١٩ خاڵی پێشوو رێک بکەونەوە، یان ئەو ڕێککەوتنە دەستکاری بکرێت، چونکە ھاوکێشەکان گۆڕان، یان لەگەڵ گۆڕان لەسەر ڕێکارێکی نوێ رێک بکەوین."
گوتیشی "ئەمانە دەبێ بە وردی گفتوگۆ و ڕێککەوتنی سیاسییان لەسەر بکرێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر ببرێنەوە پەرلەمان، ھەمان گرفتی رابردوو دووبارە دەبێتەوە".
ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: "لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و ریفراندۆمیش لەگەڵ گۆڕان، دەبێ پێش کاراکردنەوەی پەرلەمان رێککەوتنی سیاسی بکەین، چونکە ئەمانە ببەینەوە پەرلەمان، ھەمان گرفتمان بۆ دووبارە دەبێتەوە، بۆیە ئەو شاندەی پارتی دەچێتە لای گۆڕان، لە ئاستی باڵای پارتیدا دەبێت بۆ ئەوەی بە بەرچاوڕوونییەوە بڕیار و راسپاردە و ڕێکاری جێبەجێکردنی ھەر لەوێ باس بکرێت".
مەسعوود حەیدەر، ھەڵسوڕاوی گۆڕان گوتی: "بریارە دوای دیاریکردنی رێکخەری گشتی وەڵامی پارتی بۆ کۆبوونەوە بدرێتەوە، بێگومان پارتی و گۆڕان بە یەکەوە دەتوانن قسە بکەن و راستەوخۆ لە یەکتری تێبگەن، چونکە گۆڕان قسەی خۆی ھەیە و پارتیش بە ھەمان شێوە، بۆیە چاوەڕوانین لەو کۆبوونەوەیەی پارتی و گۆڕاندا گۆڕانکاریی سیاسی ڕوو بدات".
باسنیوز
