ھۆشیار زێباری: ھیچ وڵاتێک دژی پرانسیبی ریفراندۆم نییە

ھۆشیار زێباری: ھیچ وڵاتێک دژی پرانسیبی ریفراندۆم نییە


ئەمڕۆ سێشەممە، لە ژێر ناونیشانی بەرەو سەربەخۆیی، یەکێتی لاوانی دیموکراتیی کوردستان، پانێلێکی کە لەبارەی پڕۆسەی ریفراندۆمەوە ئەنجام دا، ھۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، رای گەیاند کە مەرج نییە کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بێت.



ھۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، لەو پانێلەدا رای گەیاند: "ھیچ وڵاتێک، دژی پرانسیبی ریفراندۆم نییە، تەنیا باس لە کات و تەکنیکی و شێوەی دەکەن، بۆیە پێویستە ماڵی کورد یەک بێت ئەو ریفراندۆمە سەرکەوێت، ریفراندۆم یارمەتیمان دەدات کە چارەسەری کێشەکانمان بکەین و پەرلەمان کارا بکەینەوە".



ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، ئەوەشی خستەڕوو: "لە دانووساندنەکانی نێوان ئێمە و یەکێتی، کاری باشمان کردووە کە پەرلەمان کارا بکرێـتەوە، بەڵام خاڵێک ھەیە کە دەمەوێ تەئکیدی بکەمەوە، ھیچ شتێک نییە کە پەرلەمان یاسا دەربێنێ کە بڕیار لە ریفراندۆم بدا، چونکە ئەوە بڕیارێکی سیاسییە و مەرج نییە پەرلەمان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم کارابکرێتەوە".


جەختیشی لەوە کردەوە: "پەرلەمانی کوردستان، کاتی خۆی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنی دامەزراند، ئەمەش بڕیاری لەسەر دراوە".



زێباری، لەو پانێلەدا ئەوەشی روون کردەوە: "ئێمە ھەوڵ دەدەین و بڕیار سەردانی بەغدا بکەین، لەسەر ئەوەش نییە رەزامەندی وەربگرین، بەڵکو لەسەر قسەی دیکەیە، ھیچ شتێکیش لە دەستووری عێراق نییە رێگری لە ریفراندۆم بکات، دواتر لە دەستووری عێراق ھاتووە کە باسی ریفراندۆم لەسەر زۆر بابەتی دیکە کراوە، وەک مادەی 140، ئێمە ھۆکاری ئەوە نەبووین کە ئەنجومەنی فیدرالی چۆن دابمەزرێت، خۆیان بوون، بەڵام 14 ساڵە خۆیان جێبەجێی ناکەن، بۆیە زۆر پێویستە ئاگادار بین و ئێمە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویین، دەبێت گرنگی بەخۆمان بدەین و باوەڕیمان بە خوا ھەیە و دەتوانین جێبەجێی بکەین و دەبێت یەک دەنگ بین".
BAS NEWS-
Top