کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتیی کوردستان و گۆڕان لە ئاستی باڵادا ئەنجام دەدرێت

کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتیی کوردستان و گۆڕان لە ئاستی باڵادا ئەنجام دەدرێت
چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا، کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە ئاستی باڵادا ئەنجام بدرێت و ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتیش وردەکارییەکان دەخاتە ڕوو.



پاش ئەوەی بەرپرسانی پارتی دیموکراتیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیان ئاشکرا کرد کە ڕەزامەندی دراوە لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بەبێ هیچ مەرجێک و گەڕانەوەی بەرپرسانی گۆڕان بۆ حکوومەت و پەرلەمان. سەرچاوەیەکی نێو بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند: ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە 19/7/2017، بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەیەک دەکات بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی ئەوە بدات کە بە چ شێوەیەک لەگەڵ پارتی کۆ بێتەوە”.



ئەوەشی ڕوون کردەوە: “کۆبوونەوەکە لە نێوان قادر حاجی عەلی و عومەری سەید عەلی و شەماڵ وەفادا دەبێت، لەناو کۆبوونەوەکەشدا شەش خاڵ باس دەکرێن کە یەکێکیان ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی گۆڕان و پارتییە".



لەلایەن خۆیەوە ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکرایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “پارتی پێشووتر بە یەکێتی ڕاگەیاندبوو کە ئامادەن لەگەڵ گۆڕان گفتوگۆ بکەن، بەڵام دیارە ئەوان وایان پێ باش بووە کە پارتی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان پێوە بکات و پارتیش بەفەرمی پەیوەندی بە گۆڕانەوە کردوون و ئەوانیش قەبوڵیان کردووە و چاوەڕوانی وەڵامین بۆ ئەوەی شاندەکە لە ئاستی باڵادا بڕوات".



لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاراس حەسۆ میرخان ئاشکرا کرد: “چاوەڕوان دەکرێت نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی و مەحموود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی وەک شاندێک لەگەڵ گۆڕان کۆببنەوە". جەختیشی لەوە کردەوە کە “ئەم سەردانە ھەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ داھاتووی ھەردوولا".









باسنیوز
Top