عەشیرەتە عەرەبەکانی نەینەوا گردبوونەوەیەک بۆ سەربەخۆیی کوردستان ساز دەکەن

 عەشیرەتە عەرەبەکانی نەینەوا گردبوونەوەیەک بۆ سەربەخۆیی کوردستان ساز دەکەن
عەشیرەتە عەرەبەکانی پارێزگای نەینەوا گربوونەوەیەک بۆ پشتگیریی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان، ساز دەکەن.



شێخ موزاحیم ئەلحوێت، گوتەبێژی عەشیرەتە عەرەبەکانی نەینەوا راگەیاند، گردبوونەوەکە رۆژی سێشەممە 18.7.2017 لە شارەدێی زومار لە پارێزگای نەینەوا، ساز دەکرێت.



شێخ موزاحم ئەلحوێت هەروەها رایگەیاند، ئەو گردبوونەوەیە، کاردانەوەیە بەرامبەر لێدوانی تایفیی بەرپرسانی عێراق، بە تایبەت لێدوانی عەمار حەکیم، سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتیمانیی شیعەکان دژی پرۆسەی ریفراندۆمی باشووری کوردستان.



گوتەبێژی عەشیرەتە عەرەبەکانی نەینەوا ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە گردبوونەوەکەدا، عەشیرەتە عەرەبەکان پشتگیریی خۆیان بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان دەردەبڕن و جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ئەوان بەشێکن لە گەلی کوردستان و ناوچەکانیشیان بەشێکە لە خاکی کوردستان.



پێشتر لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.



باسنیوز
Top