کۆمسیۆن ئامادەکارییەکانی بۆ ریفراندۆم تەواو دەکات
ھەندرێن محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسیی ھەرێمی کوردستان رای گەیاند، لە کۆتایی ئامادەکارییەکانداین بۆ پڕۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستانی عێراق و ھەموو ھاووڵاتییان بە کورد و عەرەب و تورکمان و کرستیان و کلد و ئاشووری و ھەر پێکھاتەیەکی دیکە وەکوو یەک مافی دەنگدانیان ھەیە، بە مەرجێ ھاووڵاتییەکە بە بەڵگەی رەگەزنامە و ناسنامەی باری شارستانی، بیسەلمێنێ خەڵکی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانە کە ئێستا لەژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدایە. گوتیشی: ”لەو ناوچانەشدا ئامادەکاریی تەواومان کردووە و پێشمەرگە سندووقەکانی دەنگدان و شوێنەکانیان دەپارێزێ و ھیچ گرفتێکی ئەوتۆمان نابێت“.
ھاوکات، بەپێی ئەو بڕیارانەشی کە مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە رۆژی ٨-٦-٢٠١٧ داویەتی بۆ دیاریکردنی شێوازی پرسیاری رۆژی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، شێوازی پرسیاری ریفراندۆم بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان یەک شێوازی پرسیار دەبێت.
ئەو بەرپرسە باڵایەی کۆمسیۆن، ئاماژەی بەوەش دا، ئەو بایۆمەترییەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق دەیکات پەیوەندیی بە پڕۆسەی ریفراندۆمی کوردستانەوە نییە، گوتی: ”ئەو ئامادەکارییانەی کە کراون بۆ ھەموو شارەکانی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان وەکوو یەکتری کراوە و توانای تەواومان ھەیە بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەکە و لەسەر بنەمای ئەو تۆمارانەی لەبەردەستماندان، رۆژی ٢٥-٩-٢٠١٧ دەرگای سندوقەکان بە رووی ھاووڵاتییانی کوردستانی عێراقدا دەکەینەوە، کە دەتوانن بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی دەنگ بدەن، یان بیانەوێ بە(نەخێر) لەگەڵ عێراقدا بمێننەوە“.
سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی راشی گەیاند، زۆربەی ئامادەکارییەکان تەواو کراون، تەنیا دامەزراندنی کارمەندانی سەر سندووقەکانیان ماوە، گوتی: ”لەمەودوا دەست بەو ئامادەکارییانەش دەکەین، لەگەڵ تۆمارنامەی بنکەکانی دەنگدان، کە کاری رێکخستنیان تێدا دەکرێت“.
ھەندرێن، گوتیشی: ”لەنێوان ئێمە و کۆمسیۆنی باڵای عێراق یاداشتێکی لێکتێگەیشتنمان ھەیە، بەپێی ئەو یاداشتە کارەکانی ھەردوولامان دیارە و تێکەڵی یەکتری نابن، خۆشمان تەواو ئامادە کردووە بۆ پڕۆسەکە و لە ھەموو کوردستانی عێراقدا دەتوانین ئەنجامی بدەین“.
لەبارەی چاودێریی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە، ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆن جەختی لە ھاتنی ژمارەیەکی زۆر لە چاودێری نێودەوڵەتی کردەوە، گوتی: ”لە سەرەتای ئەم مانگەوە ژمارەیەک چاودێر دێن، بەڵام زیاتر لە کاتی پڕۆسەکە ئامادەییان دەبێت، سەبارەت بە یۆنامی و نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوە پێیان راگەیاندووین کە بێلایەن دەبن لەو ریفراندۆمەی لە کوردستانی عێراقدا دەکرێت، ئێمەش رێزمان لە ھەڵوێستەکەیان گرتووە“.
لەبارەی بانگەشەی (بەڵێ) و (نەخێر) ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆن رای گەیاند، ھەر لایەنێک ئازادە کە چۆن بانگەشە دەکات، گرنگ ئەوەیە لە چوارچێوەی رێنماییەکان دەرنەچێت و نەگات بە ئاستی ناو زڕاندن و ناشرینکردن، لەو رووەوە رێنمایی زۆرمان ئامادە کردووە و دەیخەینە ڕوو.
لەبارەی داوای گۆڕان و کۆمەڵیش بۆ دواخستنی ریفراندۆم یان بە یەکەوە ئەنجامدانی لەگەڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کوردستان، ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆن ئەوەش خستە ڕوو کە ئەوان ناتوانن لەگەڵ راپرسی ھەڵبژاردن ئەنجام بدەن، چونکە رێوشوێنەکانی لەگەڵ یەکتری جیاوازە و ئەو ھەموو دەنگدانە سەر لە دەنگدەر دەشێوێنێ، جگە لەوەشی لە رووی تەکنیکییەوە ناتوانرێ بەیەکەوە بکرێن، گوتی: ”ئێمە لەو کاتەدا فریای ھەڵبژاردن ناکەوین، بەڵام بۆ دوای ریفراندۆم دەتوانن ئەو پڕۆسەیەش بەڕێوەبەرن“.
جێی باسە، بەپێی خاڵی (٣) لە بڕیارەکانی مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پرسیاری ریفراندۆم بەو شێوەیە دەخرێتە بەردەم ھاووڵاتییانی کوردستان بە کەرکووک و ھەموو ناوچە کوردستانییە ئازادکراوەکانەوە: ”دەتەوێ ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ“.
دوو بژارە لە خوارەوەی پرسیارەکەدا دادەنرێت، بژارەی یەکەم (بەڵێ) لەگەڵ بوونی چوار گۆشەیەک کە دەنگدەر دەبێت ھێمای راستی بۆ دابنێت. بژارەی دووەم (نەخێر) لەگەڵ چوار گۆشەیەک کە دەنگدەر ئەگەر لەگەڵ ئەو بژارەیەدا بوو، دەبێت ھێمای راستەکەی لەوێدا دابنێت.
ھەر بەپێی ئەو بڕیارانە، کارتەکانی دەنگدان بە زمانی کوردی و عەرەبی و تورکمانی و سریانی دەبێت و پڕۆسەکە بە شێوەی نھێنی دەبێت و لە سەعات ٨ بەیانی دەست پێ دەکات و تا ٦ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
ئەو بژارەیەشی کە زۆرینەی دەنگ وەردەگرێت دەبێتە ئیرادەی گشتیی خەڵکی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە.
