رۆمیۆ ھەکاری: سێ ھەزار مەسیحی پێشمەرگەن و ناوچەکانی خۆیان دەپارێزن
ھەکاری ئاماژەی بەوە دا، دوای کۆتاییھاتنی شەڕی داعش، پێکھاتەکان لە دەشتی نەینەوا نیگەرانن لە پاشەڕۆژی خۆیان، گوتی: ”حکوومەتی عێراق قسەی زۆری کرد و سیناریۆی زۆریش بۆ دەشتی نەینەوا دەرکەوت، ھەریەکە و باس لە داھاتووی دەشتی نەینەوا و پێکھاتەکان دەکات، بەڵام ئێمە بۆچوونێکی ترمان ھەیە“.
سەبارەت بەو بۆچوونەیان دەڵێ: ”ئێمە وەکوو گەلی کلدانی، سریانی و ئاشووری، پێمان وایە دەشتی نەینەوا دەبێت بکرێتە پارێزگایەکی سەربەخۆ و کاری زۆریشمان بۆ کردووە“.
لە رۆژانی ٢٨ و ٢٩ و ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٧، پێکھاتەکانی دەشتی نەینەوا بەتایبەت مەسیحییەکان لە بڕۆکسل کۆنگرەیەکیان رێکخست.
سەبارەت بە وردەکاریی ئەو کۆنگرەیە، رۆمیۆ ھەکاری گوتی: ”لەو کۆنگرەیەدا دووپات کرایەوە لە دروستکردنی پارێزگای دەشتی نەینەوا بۆ پێکھاتەی ئێمە و برایانی شەبەک و ئێزدییەکان، چونکە ئەوە تاکە رێگاچارەیە بۆ پاراستنی پاشەڕۆژی خۆمان و خەڵکەکەمان و پارێزگاریکردن لێیان و دووبارەنەبوونەوەی ئەو کارەساتانەی کە لە ناوچەکەدا بەسەرماندا ھاتوون“.
دەشتی نەینەوا کە لە ھەر سێ قەزای حەمدانیە، شێخان و تەلکێف پێکھاتووە، پێکھاتەکانی مەسیحی، ئێزدی، شەبەک، کاکەیی و موسڵمانی تێدا دەژی و بە زادگەی مێژوویی مەسیحییەکان ناسراوە.
جەختیشی کردەوە، لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤ بۆ ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٦ و کاتی رزگارکردنی ناوچەکانی دەشتی نەینەوا، زۆرترین زوڵم و ستەمی داعش لەسەر مەسیحی و ئێزدییەکان بووە.
ھەکاری، باس لە کۆنگرەکەی بڕۆکسل دەکات و دەڵێ: ”لە کۆنگرەکەدا ئەوە راگەیاندرا و بڕیاری لێ درا کەوا پارێزگای دەشتی نەینەوا دروست بکرێت، ئەوەش بەپێی دەستوور و بڕیارەکانی عێراق رێگەی پێ دراوە“.
ئاشکراشی کرد، بە رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە کانوونی دووەمی ٢٠١٤ ئەوان لە رووی مەبدەئییەوە رازی بوونە دەشتی نەینەوا بکرێت پارێزگا: "ئێمە داوامان کردووە دەشتی نەینەوا لە پارێزگاوە پەرە بسێنێت بۆ ھەرێمی دەشتی نەینەوا بۆ کلدان و ئاشووری و ئێزدی و شەبەک، ئەوەش لەژێر رۆژشنایی دەستووری عێراقدایە و کێشەی نییە“.
دووپاتیشی دەکاتەوە، رۆژئاوا و ئەوروپا و ئەمەریکا پشتیوانی لە داواکارییەکانی ئەوان دەکەن کە مافی خۆبەڕێوەبردنیان ھەبێت، گوتیشی: ”عێراق ھیچ کات رازی نەبووە، ھەر کەسێک داوای مافی خۆی کردبێت ئەوان تۆمەتی ئەوەیان داوەتە پاڵی کە لەگەڵ یەکپارچەیی عێراقدا نییە، عێراق بەرامبەر بە پێکھاتەکانی دەشتی نەینەوا ھەڵوێستی زۆر خراپ بووە“.
رۆمیۆ ھەکاری ئاشکراشی کرد، لە دەشتی نەینەوادا بە گشتی ٥٠٠ ھەزار کەس لە پێکھاتە جیاجیاکان ھەیە، گوتیشی: ”لە ماوەی رابردوودا ٢٠٠ ھەزار کەسی خەڵکی کلدانی و ئاشووری لەو ناوچانە کۆچیان کردووە، ئەگەر تەواوی خەڵکەکە بگەڕێنەوە ئەوا دانیشتوانی ناوچەکە ٥٠٠ ھەزار کەس دەبن“.
ئاشکراشی کرد، لەدوای ساڵی ٢٠٠٤ەوە زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار ھاووڵاتیی مەسیحی بەناچاری عێراقیان بەرەو وڵاتی تری دنیا بەجێ ھێشتووە: "ئەگەر ھەرێمی کوردستان نەبوایە رەنگە دۆخی ژیانی مەسیحییەکان لە عێراق زۆر خراپتر بوایە لەوەی ئێستا تێیدان“.
سەبارەت بەو ریفراندۆمەی ٢٥ی ئەیلوول ئەنجام دەدرێت، سەرۆکی حزبی بێت نەھرێن گوتی: ”سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی گەلی ئێمە لە کۆبوونەوەکانی جەنابی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رازی بووینە بە ئەنجامدانی ریفراندۆم و بەشداریکردن تیایدا، جەماوەری ئێمەش لەگەڵ ئەو بڕیارەدان و دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەدەن“.
ھەکاری گوتیشی: ”خەڵکی ئێمە دەزانێت کە کێ ئەوانی لە زێدی باب و باپیرانی خۆی وەدەرناوە، کێ ماڵەکانی ئەوانی سووتاندووە و وێرانی کردوون، کێ باوەشی بۆ ئەوان کردووەتەوە و یارمەتیی ئەوانی داوە، بۆیە دەبێ خەڵکی ئێمە ئەو حەقیقەتەی لەبەرچاو بێت و بڕیاری خۆی بدات، بەڵام خەڵکی ئێمە ھۆشیارە و دەزانێت کە کێ پاڵپشتی لە ماف و داخوازییەکانی ئەوان دەکات و کێ دژی ئەوان وەستاوەتەوە، بۆیە ئێمە پاڵشتی لە سەرخستنی ریفراندۆمدا دەکەین".
روونی کردەوە، یاداشتێکیان داوەتە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و لیژنەی باڵای ریفراندۆم بۆ ئەوەی مافەکانیان لە دەستوور و یاساکانی کوردستان بپارێزرێت، گوتیشی: ”نوێنەریشمان لە کۆمیتەی ریفراندۆمدا ھەیە و ھەوڵ دەدەین زۆرترین مافەکانمان فەراھەم بکرێت و دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستانیش کۆ دەکەینەوە“.
پەیوەست بە پەرەسەندنەکانی دوای کۆتاییھاتنی داعش لە مووسڵ، رۆمیۆ ھەکاری، ھەستکردن بە مەترسیی خۆی پیشان دەدات لە قووڵتربوونەوەی کێشەکان و دەشڵێت: ”پێدەچێت لەدوای داعش ململانێیەکی نادروست و ناشیرین لە ناوچەکە بێـتە کایەوە، بۆیە ئێمە جەخت لە مافەکانمان لە دەشتی نەینەوا دەکەینەوە. لەدوای داعش دۆخی مووسڵ خراپتر دەبێت، ھیواداریشین کە وا نەبێت، چونکە زۆر گرووپی چەکداری لەو ناوچانەکەدا ھەن و ململانێی زۆریش ھەیە“.
ھەکاری، دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، دەبێت ئەو ھێزانە دەشتی نەینەوا بپارێزن کە رۆڵەی پێکھاتەکانی ناوچەکەن: "ئێستا چەند ھێزێکی کلدانی و ئاشووری ھەن، کە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن و ژمارەیان نزیکەی سێ ھەزار کەسە و ئەرکیان پاراستنی ئەو ناوچانەیە".
باسنیوز
