مەحموود عوسمان: بەبێ حزبە سەرەکییەکانی کوردستان کۆنگرەی نەتەوەیی سەر ناگرێت
دوای ئەوەی راوێژی کۆنگرەی نەتەوەیی لەلایەن رێکخراوی (کەنەکە)ی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجام درا، لە شاری سلێمانی نیگەرانیی حزب و پێکهاتە جیاوازەکانی لێ کەوتەوە عارف باوەجانی، سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان گوتی: "بەبێ پارتی دیموکراتیی کوردستان، کۆنگرەی نەتەوەیی سەر ناگرێت، چونکە پارتی هێزی سەرەکیی ناوچەکەیە و سەنگی بەهێزی لە هەر چوار پارچەی کوردستان هەیە".
ئەوەشی خستەڕوو "بەداخەوە راویژی کەنەکە لە سلێمانی بەبێ ئاڵای کوردستان ئەنجام دراوە، لە کاتێکدا ئەو ئاڵایە سەدان هەزار شەهیدی لەپێناو دراوە، ئەوە ئاڵای فەرمی و سەرەکیی کوردستان و کۆماری کوردستانە".
هاوکات د. مەحموود عوسمان، کەسایەتی سیاسیی کوردستان گوتی: "پارتی یەکێک لە هێزە سەرەکییەکانی کوردستانە، کۆنگرە ئەگەر بکرێت، دەبێت حزبە سەرەکییەکانی تێدا بێت، وەک پارتی، پەکەکە، یەکێتی و حزبی دیموکرات، ئەگەر بێت و ئەم حزبانەی تێدا نەبن، کۆنگرە سەر ناگرێت و دەبێ پەیوەندییان باش بێت، چونکە ئەو حزبانە سەرەکین".
باسنیوز
