باشماخ.. دەست بەسەر 28 تانکەر بەنزیندا گیرا
سەرۆکی لێژنەی پیشەسازی و وزە و سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕای گەیاند، دەست بەسەر 28 تەنکەر بەنزینی کوالێتی خراپدا گیرا.
غالب محەمەد، سەرۆکی لێژنەی پیشەسازی و وزە و سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردوەتەوە: "دوای ئەوەی 70 تەنکەر بەنزین لە لایەن 5 کۆمپانیاوە ھاوردە کرابوون، لە مەرزی باشماخ پشکنینیان بۆ کرا، بەو ھۆیەشەوە دەست بەسەر 25 تەنکەر بەنزینی کۆمپانیای (سمود وەتەن)، 3 تەنکەر بەنزینی کۆمپانیای (ساوس کوردستان)دا گیرا، کە بە ترانزێت لە وڵاتی ئێرانەوە ھاوردە کرابوون".
سەرۆکی لێژنەی پیشەسازی و وزە و سامانە سروشتییەکان، ئەوەشی خستوەتەڕوو: "ئەو بەنزینەی دەستی بەسەردا گیراوە، ڕادەستی گومرگی باشماخ دەکرێت، بۆ ئەوەی بۆ وڵاتی ئێران بگەڕێنرێتەوە".
bas news-
