عەبدوڵڵا عەلیاوەی: هیچ وڵاتێک دژی ڕیفراندۆم نییە

 	 عەبدوڵڵا عەلیاوەی: هیچ وڵاتێک دژی ڕیفراندۆم نییە
ڕاوێژکارێکی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، سەردانی شاندی ھەرێم بۆ یەکێتیی ئەورووپا زۆر گرینگ و سەرکەوتوو بوو، بۆیە پێویستە سەردانی وڵاتانی ھەرێمی و بەغداش بکرێت، ئاماژەشی دا، سەرۆکی ھەرێم دڵنیایە ڕیفراندۆم سەرکەوتوو دەبێت، چونکە ئەزموونێکی دوورودرێژی ھەیە و کارێک ناکات خەڵک تووشی نەھامەتی بێت.

لە١٠ی ئەم مانگەدا شاندێکی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرۆکایەتیی (سەرۆک بارزانی)، سەردانی یەکێیتی ئەورووپای کرد و تێیدا لەگەڵ بەرپرسان و نوێنەری وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا کۆبوونەوەیان ئەنجام دا، کە یەکەم سەردانی شاندی باڵای ڕیفراندۆم بوو بۆ دەرەوە، بۆ ئەوەی ڕای ئەوان بزانن دەربارەی پرۆسەی ڕیفراندۆم، کە بڕیارە لە مانگی نۆی ئەمساڵدا بەڕێوە بچێت، لەمبارەیەوە ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق، (عەبدوڵڵا عەلیاوەیی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''سەردانی شاندی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی (سەرۆک بارزانی)، بۆ یەکێتیی ئەورووپا زۆر گرینگ بوو، بۆ ئەوەی ڕای ئەوان بزانرێت دەربارەی پرۆسەی ڕیفراندۆم، بۆیە پێویستە شاندی دیکە سەردانی وڵاتانی ھەرێمی و بەغداش بکەن، چونکە ئێمە دەمانەوێت وەک (سەرۆک بارزانی)ش باسی کردووە، بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا دەوڵەت دروست بکەین.''

زۆر جار بەرپرسی وڵاتان باس لەوە دەکەن، کە ئێمە لەگەڵ یەکپارچەییی خاکی عێراقداینە و ڕیفراندۆمیش بە مافی گەلی کورد دەزانین و دژایەتیی خۆیان دەرنەبڕیووە، (عەبدوڵا عەلیاوەیی) لەوبارەیەوە گوتی: ''ھەرچۆنێک بێت وڵاتانی دەرەوە لەسەرەوە باس لەوە دەکەن ئێمە لەگەڵ یەکپارچەییی عێراقداینە، بەڵام نەیان گوتووە نابێت ڕیفراندۆم ئەنجام بدەن، چونکە ئەمە جیاوازە، بۆیە پێویستە ئێمە خۆمان پرۆسەکە ئەنجام بدەین و ئەوان بە ئێمە ناڵێن بڕۆن پرۆسەکە ئەنجام بدەن.''

لە نێوخۆی ھەرێمی کوردستانیشدا ھەندێک بەرپرس و لایەن باس لەوە دەکەن، ھەرێمی کوردستان بە ھۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە تووشی کێشە و گرفت دەبێت و سەرکەوتوو نابێت، لەبەر ئەوەی ھیچ ئامادەکارییەکی بۆ نەکراوە و کاتەکەیشی گونجاو نییە، بەڵام (عەلیاوەیی) پێی وایە: ''سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەگەر بەڵێنی پێ نەدرابێت، بڕوا ناکەم خەڵکی ھەرێمی کوردستان تووشی نەھامەتی و کێشە و گرفت بکات، بۆیە دڵنیایە سەرکەوتوو دەبێت، بۆیە پرۆسەکە ئەنجام دەدرێت، چونکە (سەرۆک بارزانی) ئەزموونێکی درێژی لە خەباتی سیاسی ھەیە، کارێک ناکات ئەگەر سەرکەوتوو نەبێت و موجازەفە بە ژیانی خەڵکی ناکات.''

(عەلیاوەیی) باسی لەوەش کرد: ''وڵاتان پەیوەندییان لەگەڵ عێراق ھەیە، ڕاستەوخۆ ناڵێن عێراق پارچە پارچە بێت، بۆیە لە ژێرەوە بە ئێمە دەڵێن بیکە و پێویستە ئێمەش پرۆسەکە ئەنجام بدەین و ئەوانیش دژایەتیی ئێمە ناکەن، لەبەر ئەوەی ئەوان باسی دەکەن، ئەمە سیاسەتە دەیکەن، بۆ ئەوەی لەگەڵ عێراق بەرژوەندییەکانیان تێک نەچێت.''

(عەلیاوەیی) گوتیشی: ''کاتێک شاندی ھەرێم گەڕاوەتەوە لە سەردانەکەی یەکێتیی ئەورووپا بێدەنگن و باسیان لەوە نەکردووە ڕیفراندۆم ناکەن، بۆیە ئەمە واتاکەی ئەوەیە، کە وڵاتان دژی ڕیفراندۆم نین.''

لە١٠ی ئەم مانگەوە شاندێکی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرۆکایەتیی (سەرۆک بارزانی) سەردانی یەکێتیی ئەورووپایان کرد و لەو سەردانەدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە کۆبوونەوەیان ئەنجام دا و بە پێی گوتەی ئەندامانی شاندەکەش جگە لەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا پشتگیریی خۆیان بۆ پرۆسەی ڕیفراندۆم دەربڕیووە، ھاوکات ئامادەییی خۆیشیان نیشان داوە چاودێر بۆ پرۆسەی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکەن، بە پێی گوتەی چاودێرانی سیاسیش ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ھەرێمی کوردستان و سەردانەکەش بە سەرکەوتوو وەسف دەکرێت.
kdp-
Top