لەمەودوا بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی لە کوردستان چارەسەر دەکرێن

 	 لەمەودوا بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی لە کوردستان چارەسەر دەکرێن
دوای کارەساتی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە لە لایەن ڕژێمی پێشووی بەعسەوە، ژمارەیەک ھاووڵاتیی ھەڵەبجە بەو ھۆیەوە بریندار بوونە و بە پێی گوتەی پسپۆڕانی تەندروستی کاریگەریی ئەو چەکە قەدەغەکراوانە تا چەند سەدەیەکی دیکەش لەسەر جەستەی بەرکەوتوانی کارەساتەکە دەمێنێت.

(لوقمان عەبدولقادر)، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەرکردنی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە لە قۆناغی کۆتاییدایە و لە ئایندەیەکی نیزیکدا دەکرێتەوە، بەڵام لە کۆتاییی ئەم مانگەدا تیمێکی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و تەندروستیی ھەرێمی کوردستان سەردانی وڵاتی ئێران دەکەن بۆ ئەنجامدانی گرێبەست و ھێنانی تیمێکی پزیشکی ئێرانیی شارەزا لە چارەسەرکردنی بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی، ھەموو پێداویستیی چارەسەرکردن لە نێو ئەو نەخۆشخانەیەدا ئامادە کراوە، ھەر لە ڕاھێنان و چارەسەرکردنەوە تا کۆتایی، بەڵام پێویستی بە کەسانی پسپۆڕ و شارەزایە بۆ چارەسەرکردن، چونکە بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی بەردەوام پێویستیان بە چارەسەرکردنە.''

(لوقمان عەبدولقادر) گۆتی: ''لە ھەرێمی کوردستان ٩٧٠ کەس برینداری چەکی کیمیاوی تۆمار کراون و بەشێکیان لە وڵاتی ئێران و دەرەوە چارەسەریان بۆ دەکرێت، بە کردنەوەی نەخۆشخانەی تایبەت بەوانە زۆربەیان لە ھەرێمی کوردستان چارەسەریان بۆ دەکرێت و مەگەر حاڵەتی دەگمەن ھەبێت بۆ چارەسەرکردن ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوە بکرێن، لەگەل چارەسەرکردنیان مووچەشیان بۆ دەبڕدرێتەوە، بەشێک لەوانەش ھێشتا بەدەست برینەکانیانەوە دەناڵێنن و ناویان لە لیستی برینداراندا تۆمار نەکراوە.''

جێی ئاماژەیە، تا ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئەرکی خۆی دەیان بەرکەوتووی کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجەی بۆ چارەسەرکردن ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کردووە.
kdp-
Top