سایەمیر بۆ لایەنیکی کوردی لە بەغدا: فەیلییەکان بەشداری ریفراندۆم دەبن و قسەکانتان نامان ترسێنێ
(ئیسماعیل سایەمیر)، کارگێڕی ڕێکخستنی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لایەنێکی سیاسی دەیەوێت وا خەڵک تێ بگەیەنێت کە ڕیفراندۆم ھەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی ئەوان و ئەگەر بەشداری لە ڕیفراندۆمدا بکەن، لە بەغدا دەردەکرێن و وا خۆشیان دەردەخەن، کە پارێزگاری لە ئەوان دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش چەند کەسێکیان بانگھێشتی پەرلەمان کردبوو، کە ئەو کەسانەیان لای خۆیان دامەزراندووە لە پەرلەمان و لە پەنجەی دەست تێپەر ناکەن، بەڵام ئەمە ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر کوردانی فەیلی نییە، بۆ ئەوەی پەشیمانیان بکەنەوە، بەشداری لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا بکەن، چونکە خەونی ھەموو تاکێکی کوردە، کە کوردستان سەربەخۆ بیت.''
(ئیسماعیل سایەمیر) گوتیشی: ''ھەموو کوردانی بەغدا و فەیلییەکانیش لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمن و ئەگەر ھەڕەشەشیان لێ بکرێت، ناتوانێت پەشیمانیان بکاتەوە لە بەشداریکردنیان لەو پرۆسەیەدا، بۆیە ئەو ھەوڵەی لە لایەن لایەنێکەوە دەدرێت، ھیچ ئەنجامێکی نابێت، چونکە ئەوان بڕیاری خۆیان داوە.''
ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەیەکە باس لەوە دەکرێت بە ھۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە ھەڕەشەی دەرکردن لە کوردانی فەیلی لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکرێت و باس لەوە دەکەن، کە فەیلییەکان وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەگونجاو نازانن، بەڵام ئەمە لە لایەن فەیلییەکانەوە ڕەت دەکرێتەوە.
kdp-
