عوسمان بانیمارانی: دەبێت گۆڕان ئەوە قەبوڵ بکات کە بارزانی برا گەورەیە
عوسمان بانیمارانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند: "تاماوەی ساڵێک گۆڕان ناتوانێت لەو بەرنامەیەی نەوشیروان مستەفا دەربچێت ھەرکەسێکیش دەربچێت دەسووتێت، بۆیە کەس جورئەتی ئەوە ناکات لەنەزەریە و بۆچوونی کاک نەوشێروان تاساڵێکی دیکەش بەشێوەیەکی دیکە ھەنگاو بنێت بۆ ئاشتبوونەوە، چاکسازیی، کاراکردنەوەی پەرلەمان و ڕیفراندۆم، چونکە لەو پرسانەوە کاک نەوشێروان ھێشتا زیندووە".
گوتیشی: "ڕیفراندۆم لەسەردەمی نەوشیروان مستەفا ئەوەندە گەورە نەکرابوو، گۆڕان دەبێت شەریک بێت، پرسیان پێ بکرێت، ئێستاش بارزانی برا گەورەیە، زۆر گرنگە بارزانی ڕۆڵی ئەو برا گەورەییە بنوێنێت و سەرجەم لایەنەکان کۆببنەوە، چونکە گرنگە لە پرسی ڕیفراندۆمدا ئاشتەوایی سیاسیی و ئاشتبوونەوەی خەڵک و دەسەڵات ھەبێت، بۆیە گرنگە بارزانی ئەمە بکات، چونکە بە کەسێکی دیکە ناکرێت".
ئەوەشی خستە ڕوو: ”لەڕووی واقیعەوە بارزانی ئێستا ئەمری واقیع و دەرگای گفتوگۆیە، دەبێت گۆڕان ئەو واقیعە تێبگات کە بارزانی برا گەورەیە“.
لەبارەی ئەوەی کە گۆڕان ھاوشێوەی یەکێتی لەدوای تاڵەبانی نەیتوانی لایەنگرانی ناچار بکات بۆ بڕیارەکانی، عوسمانی بانیمارانی دەڵێت: "گۆڕان لەیەکێتی خراپترە، چونکە یەکێتی ھەندێک دامەزراوەی سەربازی و ناوخۆی ھەبوو، پێشمەرگە و بازرگانی و پەیوەندی ھەیە، گۆڕان ئەمانەی نییە و بۆ گۆڕان قورسترە بڕیار بدات".
ھاوکات د.بابان حەمەئاغا، لە دەرەوەی وڵات و پێشووتر پشتیوانی گۆڕان بووە وەک مامۆستای زانکۆ گوتی: "گۆڕان ھاوشێوەی یەکێتی توانای بڕیاردانی نەماوە، دەترسێت لە تووڕەیی و بێ سەروبەریی جەماوەری گۆڕان، بۆیە ڕەنگە ئەم پەیامەیان بەناراستەوخۆ دابێتە پارتی کە تێبگەن لەو دۆخەی گۆڕان، رەنگە ئەم سەرکێشییەی ناوخۆی گۆڕان وابکات کە دواجار جەماوەری گۆڕان لە کۆنترۆڵی ھەڵسووڕاوان دەربچێت و مەترسی دیکەش دروست بکات".
ئەوەشی خستەڕوو، ھۆکاری وازھێنانی ئەو لە گۆڕان پەیوەندی بەو بێ سەروبەرییەی ناو بزووتنەوەکەوە ھەبووە.
باسنیوز
